Accessibility links

ڕێـکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاستی گەندەڵی لە وڵاتانی جیهان ئاشکرا دەکات


ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت ئامارەکانی ساڵی 2016 نیشانی دەدەن گەندەڵی بە بەرنامە و نەبوونی یەکسانی کۆمەڵایەتی کە هەردووکیان لە سەرانسەری جیهاندا یەکتر بەهێز دەکەن، بوونەتە مایەی نائومێدبوونی گەلان بە دامودەزگا سیاسیـیەکانی وڵاتەکانیان و هەروەها زەمینەیەکی باش ڕەخساوە بۆ ئەو ڕێبەرانەی سیاسەتی میلـلەتگەرایی پەیڕەو دەکەن.

ڕێکخراوەکە کە ئاستی گەندەڵی لە وڵاتانی جیهان ئاشکرادەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی لە بارەی ساڵی ڕابردوو، دەڵێت لەو 176 وڵاتەی لە لیستەکەیدا نووسراون 69%یان لە ئاستی دەستپاکیدا لە 50 خاڵ کەمتریان هەیە، ئەمەش نیشانەی تەشەنەکردنی گەندەڵیـیە لە سەرانسەری جیهاندا.

هەردوو وڵاتی دانمارک و نیوزیلاند لە هەرە باشترین وڵاتەکانی جیهاندان و ئاستی دەستپاکی تیایاندا 90 خاڵە. بەڵام زۆرترین گەندەڵی لە وڵاتی سۆماڵە و ئاستی دەستپاکی تیایدا 10 خاڵە، بە دوایدا سودانی باشور 11 ، کۆریای باکور 12، سوریا 13 ، یەمەن و سودان و لیبیا 14، ئەفغانستان 15 ، گینێ بیساو 16 ، ڤەنزوێلا و عێراق 17 ، ئەریتریا و ئەنگۆلا 18، کۆماری کۆنگۆ و هایتی و چاد و کۆماری ئەفریکای ناوەندی و بوروندی 20 ، ڕووسیا و ئێران 29 ، تورکیا و تونس و کوەیت 41 ، ئەمەریکا 74 ، بەریتانیا و ئەڵمانیا 81 ، نەرویژ 85 ، سوید 88 .

خوزێ ئوگاز سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەڵێت" لە زۆر وڵات، بەهۆی گەندەڵی خەڵکی بە دەست نەبوونی پـێداویستیـیە سەرەکیـیەکان دەناڵێنن و هەموو شەوێـک بە برسێتی سەردەنێنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستڕۆشتووەکان و گەندەڵکاران ژیانێـکی ئەوپەڕی خۆشگوزەرانیان هەیە و لە لێپـرسینەوەش بۆی دەرباز دەبن."

ڕاپـۆرتەکە نیشانی دەدات زۆربەی وڵاتە عەرەبیـیەکان گەندەڵی تیایاندا بەردەوامە، جگە لە ئیماراتی عەرەبی 66 و قەتەر 61 نەبێت کە لە نێو ئەو وڵاتانەن گەندەڵی تیایاندا کەمترە.

XS
SM
MD
LG