Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی لە سوریاوە بەڵێنی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە مەنبج دەدات


جەنەڕاڵ فەنک لە بنکەی لەشکری ئەمەریکا لە شاری مەنبج، چوارشەممە 7 ی مانگی دووی ساڵی 2018

لەسەر خاکی سوریاوە، جەنەڕاڵێکی باڵای ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش وتی هێزەکانی ئەمەریکا لە مەنبجی شارۆچکەی کوردان لە باکوری سوریا دەمێننەوە، سەرەڕای داواکانی ئەنکەرە بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لەو ناوچەیەدا.

لوتنننت جەنەڕاڵ "فەریق" پۆڵ ئی. فەنک لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە مەنبج وتی " ئێمە لێرەین تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی داعش لەم ناوچەیەدا بە تەواوەتی شکست دەخوات."

سەردانەکەی فەنک لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دێت کە هەردوو وڵاتەکە ئەندامی ناتۆن و هەر یەکێکیان پشتیوانی لە لایەنێکی جیاواز دەکات لە سوریادا.

سوپای ئەمەریکا لە سوریا پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد دەکات کە تورکیا وەکو تێرۆریست و هاوپەیمانی پارتی کرێکارانی کوردستان لێیان دەڕوانێت.

دوو سەربازی ئەمەریکایی لە بنکەکەیانەوە لە مەنبج بە ئاڕاستەی سنوورەکانی تورکیا بە دوربین دەڕوانن، ڕۆژی چوارشەممە 7 ی مانگی دووی ساڵی 2018
دوو سەربازی ئەمەریکایی لە بنکەکەیانەوە لە مەنبج بە ئاڕاستەی سنوورەکانی تورکیا بە دوربین دەڕوانن، ڕۆژی چوارشەممە 7 ی مانگی دووی ساڵی 2018

دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2016 لە مەنبج دەرکرا، ئەمەریکا هێزەکانی خۆی لەوێ هێشتۆتەوە.

فەنک لە مەنبج بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی شەڕڤانانی سوریایی سەرەڕای گرژییەکانی لەگەڵ تورکیا. وتیشی بەردەوامبوونی مانەوەی ئەمەریکا لە باکوری سوریا بۆ کەمکردنەوەی گرژیـیەکانە.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی تورکیا، جەنەڕاڵ فەنک پـرسیاری لێکرا ئایا نیگەرانە لەم بارەیەوە یان نا؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی " من نیگەران نیم، ئەوە لە خەسڵەتی کارەکەی مندا نیـیە نیگەران بم، کاری من شەڕکردنە."

جەنەڕاڵی ئەمەریکایی جەیمی جارارد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا سوپاسی شەڕڤان دەرویش دەکات فەرماندە لە ئەنجومەنی لەشکری مەنبجی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆژی چوارشەممە 7 ی مانگی دووی ساڵی 2018
جەنەڕاڵی ئەمەریکایی جەیمی جارارد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا سوپاسی شەڕڤان دەرویش دەکات فەرماندە لە ئەنجومەنی لەشکری مەنبجی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆژی چوارشەممە 7 ی مانگی دووی ساڵی 2018

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە ئەمەریکا کرد هێزەکانی لە مەنبج بکشێنێتەوە و هەڕەشەی ئەوەی کردەوە هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆ ئەو شارۆچکەیەی سوریاش درێژدەکاتەوە.

ئەردۆغان لە ئاماژەیەکدا بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە مەنبج وتی " بۆچی لەوێ ماونەتەوە؟ بڕۆن، ئێمە دێین و ئەو خاکە دەگێڕینینەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی خۆی. "

جەنەڕاڵ جەیمی جارارد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کە یاوەری جەنەڕاڵ فەنک دەکات وتی " ئێمە زۆر سەربەرزین بەم پـێگەیانەی ئێرەمان، وە دەمانەوێت هەموو لایەک ئەمە بزانن."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەم بارەیەوە نووسیویەتی، ئەگەر هێشتا پەیامەکە بۆ تورکیا ڕوون نەبووبێت، ئەوا هەردوو جەنەڕاڵ فەنک و جارارد بە ڕوونی وتیان" لێمان بدەن، ئەوا بە توندی وەڵام دەدەینەوە و بەرگری لە خۆمان دەکەین."

پاشان فەنک وتی " من زۆر متمانەم بە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە." وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو هێزەی کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات و زۆربەی هێزەکە لە یەپەگە پێکهاتووە.

فەنک وتی " کاتێک کەس نەیدەتوانی ڕەققە بگرێتەوە ئەوان گرتیانەوە. پێم‌وایە ئەوە شایستەی کورسییەکی سەر مێزەکەیە."

لە بارەی پـێکدادانەکانی سەرسنوور لەو ناوچەیە لە نێوان هێزەکانی تورکیا و شەڕڤانان، جەنەڕاڵ فەنک گرنگیانی کەمکردەوە و گوتی تەنیا" بـێزارکردنەوە."

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG