Accessibility links

پیاوێک لە شەمەندەفەرێکدا لە تۆکیۆ 17 کەس بە چەقۆ بریندار دەکات


پۆلیس و شایەتحاڵەکان دەڵێن پیاوێک لە شەمەندەفەرێکی تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆندا کۆمەڵێک سەرنشینی شەمەندەفەرەکەی بە چەقۆ بریندار کردووە، دواتر ئاگرێکی کردۆتەوە، ئەمەش وایکرد سەرنشینەکان هەوڵی هەڵهاتن بدەن و لە پەنجەرەکانی شەمەندەفەرەکەوە خۆیان فڕێ بدەنە دەرەوە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی تۆکیۆ وتی 17 سەرنشین برینداربوون، سێ کەسیان بە سەختی برینداربوون.

پیاوەکە تەمەنی لە بیستەکاندا بووە و لە شوێنی هێرشەکەدا دەستگیرکراوە، دواتر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. هێشتا پاڵنەری ئەو کارەی ئەنجامیداوە نەزاندراوە.

دەزگایەکی پەخشی سەر بە حکومەتی ژاپۆن وتی شایەتحاڵەکان بە پۆلیسیان وتووە جلوبەرگی هێرشبەرەکە هاوشێوەی جلوبەرگی کارەکتەری جۆکەر بووە، یاخود کەسێک کە بیەوێت بچێت بۆ بۆنەیەکی هاڵەوین.

بەرپرسانی پۆلیسی تۆکیۆ وتیان هێرشەکە لەناو شەمەندەفەری کیۆدا ڕوویداوە لەنزیک وێستگەی کۆکوریۆ.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کۆمەڵێک لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و تیمەکانی تەندروستی دەردەکەون کە لە هەوڵی ئەوەدان سەرنشینەکان ڕزگار بکەن، زۆرێکیان لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەکەوە خۆیان ڕزگارکردووە.

دەزگاکە وتی دواتر هێرشبەرەکە شلەیەکی ڕشتووە لەناو شەمەندەفەرەکەدا کە هاوشێوەی نەوت بووە و ئاگرێکی کردۆتەوە، ئاگرەکەش زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.

لە مانگی هەشتدا ڕۆژێک بەر لە کۆتایی هاتنی مەراسیمی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە تۆکیۆ، پیاوێکی تەمەن 36 ساڵ لە شەمەندەفەرێکدا 10 کەسی بریندارکرد. دواتر پیاوەکە بە پۆلیسی وت ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر ئافرەتێک لەبەر ئەوەی دڵخۆش دیاربووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG