سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا ئابی ئەحمەد 72 کاتژمێری دەداتە ڕابەرانی هەرێمی تیگرای تاوەکو چەک دابنێن و وتی ئەمە " کۆتا هەلە " لەبەردەمیاندا، ئەمە لەکاتێکدا لە ئێستادا هەرێمی تیگرای کە داوای جیابوونەوە دەکات ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی هێزەکانی حکومەتی ئیثیوپیا بۆتەوە.
سەرۆک وەزیری ئیثیوپیا کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لە 4 ی مانگی 11 دا هەڵمەتە سەربازییەکانی بۆ سەر هەرێمی تیگرای دەستپێکرد، هەروەها حیزبی فەرمانڕەوای هەرێمەکە ( بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای ) بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری ناو حکومەتی فیدڕاڵ و هێرشکردنە سەر دوو بنکەی سەربازی ئیثیوپیای لە ناوچەکە تۆمەتبار کردووە.
ئابی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی بنکەی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای کردووە دەڵێت " ڕێگای لەناوچوونتان خەریکە تەواو دەبێت و داوا دەکەین لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا خۆتان بەدەستەوە بدەن."
وتیشی " ئێوە لە خاڵێکدان گەڕانەوەی نیە، ئەم هەلە کۆتاییە بقۆزنەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس