وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا وتی سێ سەربازی هێزی کۆماندۆی هۆڵەندا لە ئەمەریکا لە تەقەکردنێکدا لە دەرەوەی هۆتێلی ئیندیاناپۆڵیس برینداربوون، سێ سەربازەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی لە ئەمەریکا بوون.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی یەکێک لە سەربازەکان لە بارودۆخێکی خراپدایە. سێ سەربازەکە بەمەبەستی مەشقی سەربازیی لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمەریکا بوون، وتیشی پۆلیسی ویلایەتەکە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە.
بەشی پۆلیسی ئیندیاناپۆڵیس میترۆپۆڵیتان سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە. ئەفسەرێکی پۆلیس کە لەگەڵ بەشی پۆلیسی ئیندیاناپۆڵیس میترۆپۆڵیتاندایە بە کەناڵی فۆکس 59 ی وت وادەردەکەوێت پێشتر لە شوێنێکی جیاواز لە هامتن ئینی ناوەڕاستی ئیندیاناپۆڵیس ململانێیەک ڕوویدابێت.
ئەفسەرەکە بە کەناڵەکەی وت " لە ئێستادا ئەو زانیارییانەی کە دەتوانین ئاشکرای بکەین ئەوەیە کە ئەمە شتێک نەبووە لە ناو هۆتێلەکەدا ڕوویدابێت. پێشتر ململانێیەک هەبووە و باوەڕمان وایە لە شوێنێکی جیاواز بووبێت. لە ناو هامپتندا نەبووە، ڕووداوەکە لە دەرەوە بووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز