Accessibility links

شەڕ و پێکدادانەکانی شنگال و هەڵاتنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکە


شنگال
شنگال

بەرپرسانی ناوخۆ و سوپای عێراق دەڵێن لەنێوەندی شەڕ و پێکدادانێکی قورسی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزێکی نزیک لە پەکەکەوە لە سنووری شنگال، هەزاران هاوڵاتی لە سنوورەکە هەڵاتوون.

بەرپرسەکان وتیان لانی کەم 3000 هاوڵاتی لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتوون. ڕۆژی دووشەممە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و چەکدارانی یەبەشەی نزیک لە پەکەکەوە زیادیکرد و زۆرێک لە هاوڵاتیان ناوچەکەیان جێهێشت.

زۆرێک لە ئاوارەکان ئێزیدییەکانن کە لە ساڵی 2014 دا بەهۆی هێرشە کوشندەکانی ڕێکخراوی داعشەوە ئاوارە بوون و چەند ساڵێکی کەمە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان.

بەڕێوبەری ئۆفیسی کۆچ و قەیرانەکان لە شاری دهۆک پیر دایان وتی زۆرینەی ئاوارەکان بەسەر کامپەکاندا دابەش کراون. حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکەدا.

ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە هێزەکانی یەبەشە. ڕۆژی دووشەممە شەڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی سنووری شنگال پەرەی سەند.

ڕۆژی دووشەممە سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشەکە بۆ لابردنی بازگەکانی یەبەشە بووە کە لە سنووری شنگال دایانناون و ڕێگەیان نەداوە هاوڵاتیانی مەدەنی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە دەکات کاتێک هێزەکانی سوپای عێراق هەوڵی لابردنی بازگەکانیان داوە، ڕووبەڕووی تەقەیەکی زۆر و نیشانەشکێنەکان بوونەتەوە و ڕێگاکانیش بۆمبڕێژکرابوون.

لەلایەکی دیکەوە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە پێکدادانەکان لە شنگال و دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی. ئاسایش و پارێزراوی شنگالییەکان دەبێت لەسەروو هەمووشتێکەوە بێت. لە ڕابردوودا ئازارێکی زۆرییان چەشتووە و شایەنی ئاشتین لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا. تێکدەرانی ناوخۆ و دەرەکی جێگەیان لە شنگال نابێتەوە."


لە ساڵی 2014 ەوە هێزەکانی یەبەشە زۆرینەی شنگالییان کۆنتڕۆڵ کردووە و بە یارمەتی پەکەکە ناوچەکەیان لە چەکدارانی داعش پاککردۆتەوە. بوونیان لە ناوچەکەدا تورکیای توڕە کردووە.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2020 دا بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد تاوەکو پێکەوە بە هاوبەشی شنگال بەڕێوەببەن.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG