Accessibility links

دەوڵەتمەدارانی جیهانی دەڵێن تەنها دیبلۆماسی دەتوانێت کۆتایی بە جەنگەکەی ئۆکرانیا بهێنێت


ئەندامانی گروپێکی دیاری ڕابەرانی پێشووی جیهان کە لەلایەن نیڵسن ماندێلاوە پێکهێندرا دەڵێن تەنها گفتوگۆ و دیبلۆماسی دەتوانن کۆتایی بە جەنگە ڕووخێنەرەکەی ناو ئۆکرانیا بهێنن، سەرکەوتنی تەواوەتی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بۆ هەردوولای جەنگەکە مەحاڵە.

سەرۆکی پێشووی ئیرلەندا ماری ڕۆبنسن کە سەرۆکایەتی گروپەکە دەکات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسدا وتی گروپەکە کە بە گەورەکان ناسراوە ئەو پەیامەیان بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گەیاندووە، لە سەردانێکدا بۆ کیێڤ لەم هاوینەدا، بە زێلێنسکییان وتووە دەبێت بیر لە ڕێگەیەک بکاتەوە بۆ دەرچوون لەم ململانێیە.

ڕۆبنسن کە پێشتریش کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە وتی " پێویستە هانی بیرکردنەوەی زیاتر بدەین لەسەر ئەوەی چۆن کۆتایی دێت تاوەکو لەوە تێبگەین کە پێویستە ئەمە کۆتایی بێت، بە پێچەوانەی زیادکردنی جبەخانە سەربازییەکانی هەردوولا و وێرانکارییەکانی سەر دانیشتوانی ئۆکرانیا."

گروپی گەورەکان سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کردووە لە ئۆکرانیادا و بە " پێشێلکردنێکی ئاشکرای پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کردەوەیەکی بێباکانەی دوژمنکاری بێ هۆکار " ناوییان بردووە کە " هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی جیهان " دەکات. لە کۆتایی مانگی نۆدا گەورەکان سەرکۆنەی لکاندنی نایاسایی چوار هەرێمی ئۆکرانیایان کرد بە ڕووسیاوە و داکۆکییان لە مافی ئۆکرانیا کرد بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاکەکەی خۆی.

کۆمسیاری پێشووی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زەید ڕەزا حوسەین، هاوڕا بوو لەگەڵ ئەوەدا کە دیبلۆماسی و گفتوگۆکردن تەنها ڕێگەن بۆ دەرچوون لەم جەنگە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە مانای ئەوە نیە داوا لە ئۆکرانیا بکرێت دەستبەرداری سەروەری خۆی ببێت، چونکە ئۆکرانیا خۆی قوربانیی دوژمنکارییەکی بێ هۆکاری ڕووسیایە.

سەرۆکی پێشووی مەکسیک ئێرنستۆ زیدایلۆ وتی سەرەڕای ئەو سزا ئابوورییانەی لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە سەپێندراون، " پشتیوانییە داراییەکان بۆ ئەم جەنگە بەردەوام بووە." بەو داهاتە زۆرەشەوە کە ڕووسیا لە فرۆشتنی نەوتەکەیدا دەستی دەکەوێت.

وتی " پێم وایە دەبێت دووڕووییەکی کەمتر هەبێت سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئەم جەنگە ئابوورییە شەڕانگێزە."

هەروەها ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێک کە دادگای تاوانی نێودەڵەتی ڕاسپێردراوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، لەوانەش کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، وتیشی دەبێت ئەوە لە ڕێی " ڕێوشوێنی یاساییەوە " بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG