Accessibility links

پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس دەستی پێکرد و لە یەکەم ڕۆژدا 13 ئیسرائیلی و 12 تایلەندی ئازاد دەکرێن


هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل وەک ئامادەکاریی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس لە تەنیشت پاسەکان لە نزیک ناوەندی پزیشکی شنایدەر لە تەلئەبیب چاوەڕێی بارمتە ئازادکراوەکان دەکەن.
هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل وەک ئامادەکاریی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس لە تەنیشت پاسەکان لە نزیک ناوەندی پزیشکی شنایدەر لە تەلئەبیب چاوەڕێی بارمتە ئازادکراوەکان دەکەن.

کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە ڕۆژی هەینی یەکەمین ژن و منداڵە ئیسڕائیلیە بارمتەکان بەپێی یەکەم ئاگربەست لە جەنگەکەدا لەگەڵ حەماس ئازاد کران، تایلاندیش دەڵێت 12 کارمەندی تایلاندی ئازاد کراون.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە 13 ئیسرائیلی کە بڕیار بوو بەپێی ڕێککەوتنەکە ئازاد بکرێن، ئێستا لە لای خاچی سوورن و بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئێستا گرووپی یەکەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ستافی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووردان و بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەسەر ڕێگای خان یونس لە باشووری غەززە بەرەو دەروازەی ڕەفەح بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن.

هەروەها تایلەند ئازادکردنی 12 هاوڵاتی خۆی پشتڕاستکردەوە کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون. سەرۆکوەزیرانی تایلەند ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ڕەزامەندییان بۆ ئازادکردنی 12 هاووڵاتی تایلەندی لە غەززە وەرگرتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە وتی سەرجەم تایلاندییە ئازادکراوەکان پیاو بوون، وتیشی ئازادکردنییان پەیوەست نەبووە بە گفتوگۆکانی ئاگربەستەوە و بەپێی گفتوگۆیەکی جیا بوون لەگەڵ حەماسدا کە لە ڕێی میسڕ و قەتەڕەوە سەرپەرشتی کراوە.

میسر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو 12 هاووڵاتییە تایلەندییەی کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، جگە لەو 13 بارمتەیە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ئازاد بکرێن.

میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە بارمتە ئیسڕائیلییەکان ڕادەستی خاچی سوور و تیمێکی ئاسایشی میسڕی کراون.

بەپێی مەرجەکانی ئاگربەستە چوار ڕۆژەییەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، 13 ژن و منداڵ لە کۆی ئەو 240 بارمتەیەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، پێشبینی دەکرێت یەکەم گروپ بن کە ئازاد دەکرێن.

بڕیاربوو کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بە یارمەتی خاچی سوور و تیمێکی ئاسایشی میسڕی ئازاد بکرێن، دواتریش لە ژێر پاسەوانی سوپادا بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

لە بەرامبەر ئەوەدا بڕیار بوو ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی یەکەمین 39 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد بکات، 24 ژن و 15 هەرزەکار.

بەپێی ئاگربەستە چوار ڕۆژەییەکە، دەبێت 50 بارمتە و 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن، بەڵام ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر حەماس ڕۆژانە 10 بارمتە ئازاد بکات ئەوا ماوەی ئاگربەستەکە دەکرێت درێژ بکرێتەوە. سەرچاوەیەکی فەلەستینی وتی ڕەنگە 100 بارمتە ئازاد بکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG