Accessibility links

پۆلیسی تایلاند دەڵێت گومانباری سەرەکی بە تەقینەوەکەی مانگی ڕابردووی بانکۆک بۆ تورکیا ڕۆیشتووە


پـۆلیسی تایلاند ڕۆژی دووشەممە گوتی ئەو کەسەی گومان دەکرێت ڕۆڵی سەرەکی بینیبێت لە تەقینەوەکەی مانگی ڕابردوو پەرسـتگاکەی بانکۆک، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی 20 کەس، بەرەو تورکیا هەڵهاتبێت.

بەڵام کاربەدەسـتێـکی گەورەی تورکیا ڕەتی دەکاتەوە ئەو کەسە خۆی بە وڵاتەکەیاندا کردبێت و دەڵێت هیچ تۆمارکراوێـکی فەرمیـیان نیـیە نیشـانی بدات عەبدولڕەحمان عەبدولسەتار بۆ تورکیا هاتبێت. دەشڵێت دەسەڵاتدارانی تایلاندیش لەم کەسە ئاگاداریان نەکردوونەتەوە.

پـێشـتر پـۆلیسی تایلاند گوتی پـێـیان وایە عەبدولڕەحمان کە پاسپـۆرتی چینی پـێـیە کەسی سەرەکی بووە لەو هێرشەی لە 17 ی مانگی هەشتدا کرایە سەر پەرسـتگای ئێراوان لە بانکۆک. بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو لە 16 ی مانگی هەشت تایلاندی جێهێشتووە و بەرەو بەنگلادش ڕۆیشتووە.

پاشان گوتەبێژی پـۆلیسی تایلاند ڕایگەیاند، بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە لایەن پـۆلیسی تایلاند و کاربەدەسـتانی بەنگلادش کۆکراونەتەوە عەبدولڕەحمان لە 30 ی مانگی هەشت دەکای پایتەختی بەنگلادشەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی Jet Airways بۆ ئستەنبوڵی تورکیا ڕۆیشتووە.

ئەمە زیاتر ئەو گریمانانەی زیادکردووە ئەوانەی لە پشـت تەقینەوەکە بوون لە نەژادی ویگورن کە لە چینن و بە ڕەچەڵەک تورکن. ژمارەیەک لەو 12 کەسەی گومان دەکرێت دەسـتیان لە تەقینەوەکە هەبووبێت و بڕیاری دەسـتگیرکردنیان دەرچووە تورک بن.

لە لایەکی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە دەسەڵاتدارانی مالیزیا ڕایانگەیاند 3 کەسیان دەستگیرکردووە لەسەر ئەو تەقینەوەیە و بریتین لە پیاوێکی پاکستانی و 2 هاوڵاتی مالیزی کە یەکێکیان ژنە.

XS
SM
MD
LG