Accessibility links

ئوتومبێلێک لەدەرەوەی مزگەوتێک لە لەندەن خۆی دەکێشێت بە هاوڵاتیاندا


پۆلیسی لەندەن وتی ئومبێلێکی ڤان لەبەردەم مزگەوتێکدا خۆی کێشاوە بە هاوڵاتیاندا و لە ئەنجامدا 10 کەس برینداربوون و کاربەدەستانیش وەکو کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ هێرشەکەدا دەکەن.

جێگری یاریدەدەری نوێنەرو ڕێکخەری باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی نێڵ باسو بە ڕۆژنامەنووسانی وت پیاوێک لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.

کاربەدەستان ڕایانگەیاند پۆلیس شۆفێری ڤانەکەی دەستگیرکردووە کە تەمەنی 48 ساڵە و لەلایەن ئەو کەسانەوە گیراوە کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون.

باسۆ وتی هێرشەکە وا دەردەکەوێت کە بەتەنیا ئەنجامدراوە و دەستخۆشی لەو کەسانەش کرد کە شۆفێرەکەیان گرتووە.

باسۆ وتی " ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە هاوڵاتیانی لەندەن پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام بەشێوەیەک دەیکەن جیاواز بێت لە کاری تیرۆریستان و توندڕەوان."

وتیشی 10کەسی موسوڵمان برینداربوون و هەموویان نوێژیان لەو مزگەوتە کردووە، هەروەها لێکۆڵەرەوەکانیش سەبارەت بە پاڵنەری هێرشەکە بە بیرێکی فراوانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.

باسۆ بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی " ئەم هێرشە بۆ سەر هەموو لەندەن و لەندەنییەکان بووە و دەبێت هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە."

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی موسوڵمانان لە بەریتانیا هارون خان وتی " بەپێی شایەتحاڵەکان بێت شۆفێرەکە ڕق و کینەی هەبووە بەرامبەر ئیسلام."

خان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بە کۆتایی هاتنی ڕەمەزان و هاتنی جەژنی ڕەمەزان خەڵکانێکی زۆر هاتووچۆی مزگەوت دەکەن بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کاربەدەستان ئاسایشی زیاتر دابنێن لەدەرەوەی مزگەوتەکاندا."

شایەنی باسە بەریتانیا بەتایبەتی لەندەن لەمدواییانەدا زنجیرەیەک کاری تیرۆریستی بەخۆیەوە بینیوە لەوانەش تەقینەوەکەی مانچستەر و هێرشی ئوتومبێلەکە و ڕووداوی چەقۆکەی نزیک پردی لەندەن.

لەلای خۆشیەوە سەرۆک وەزیری بەریتانیا تێریزا مەی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە کردەوەیەکی قێزەون ناوی برد.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG