Accessibility links

کەشتیەکی تانکەری نەوت لە نزیک کەنارەکانی سۆماڵ دەڕفێنرێت


ژمارەیەک چەکدار دەسـتیانگرتووە بەسەر کەشتیەکی تانکەری نەوت لە نزیک کەنارەکانی سۆماڵ و لەگەڵ تاقمەکەی کە لە 8 کەس پـێکهاتوون بەرەو کەنارەکانی شارۆچکەی علولەی هەرێمی پونتلاندیان بردووە.

بەشی سۆماڵی دەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ یەکێـک لە چەکدارەکان کرد، گوتویەتی ئەوان چەتە نین بەڵکو حەوت کەسی ڕاوچی ماسین دەستیان داوەتە چەکەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

گوتویەتی وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەو ڕاوە ماسیە نایاسایـیەی لە ئاوەکانی سۆماڵدا دەکرێن ئەم کەشتیەیان ڕفاندووە.

سەبارەت بە تاقمی کەشتیەکە گوتویەتی هەموویان سەلامەتن و نیازیان نیـیە زیانیان پـێـبگەیەنن.

کەشتی تانکەری نەوت ئەریس 13 کە کۆمپانیایەک لە ئیماراتی عەرەبی خاوەنێتی، ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی ئامێری بێ تەلەکەیەوە داوای بەهاناچوونی کرد، بەڵام پاش ماوەیەک ئامێری دەستنیشانکردنی شوێنەکەی لەکارخرا. هەموو تاقمی کەشتیەکە خەڵکی سریلانکان.

کاربەدەستێکی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکە بە دەنگی ئەمەریکا گوت کەشتیەکە نەوت و گازی سروشتی هەڵگرتبوو و لە بەندەری جیبۆتیـیەوە بەرەو بەندەری مەگادیشۆ بەڕێکەوتبوو.

کاربەدەستان لە هەرێمی پـونتلاند دەڵێن هێزەکانی ئاسایش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیـیەوە و چاودێری کەشتیە ڕفێندراوەکە دەکەن.

عەلی شیری مەحمود عوسمان کە کاربەدەستێکی گەورەیە لە علولە گوتی ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ ڕفێنەرانی کەشتیەکە نەکردووە و هیچ داواکاریـیەکیشیان لێیانەوە پێ‌نەگەیشتووە.

XS
SM
MD
LG