Accessibility links

بەرپرسێکی تاڵیبان: ئافرەتان نابێت شان بە شانی پیاوان کاربکەن


وەحیدوڵا هاشمی
وەحیدوڵا هاشمی

بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان وتی ئافرەتە ئەفغانیەکان نابێت ڕێگەیان پێبدرێت شان بە شانی پیاوان کاربکەن، ئەگەر بە فەڕمی ئەوە بسەپێندرێت ئەوا ڕێگە نادرێت ئافرەتان لە دامەزراوە حکومییەکان و بانکەکان و کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن و ئەوانی دیکەشدا کاربکەن.

بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان بە ناوی وەحیدوڵا هاشمی کە نزیکە لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکەوە، بە رۆیتەرزی وت تاڵیبان بەتەواوەتی یاسای شەریعە یاخود یاسای ئیسلامی دەسەپێنێت، سەرەڕای فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەدان بە ئافرەتان لە هەر شوێنێک بیانەوێت کار بکەن.

لە دوای ئەوەی ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە، بەرپرسانی تاڵیبان چەند جارێک وتوویانە ئافرەتان دەتوانن لە چوارچێوەی یاسای شەریعەدا بخوێنن یاخود کاربکەن.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پرسە بە گرنگترین پرس دادەنێت و پێدەچێت کاریگەریشی لەسەر بڕی ئەو یارمەتیانە هەبێت کە پێشکەشی ئەفغانستان دەکرێن.

هاشمی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی " نزیکەی 40 ساڵە شەڕ دەکەین بۆ هێنانەدی سیستمی یاسای شەریعە لە ئەفغانستان، شەریعە ڕێگە نادات پیاوان و ئافرەتان پێکەوە بن یاخود لەژێر یەک سەقفدا پێکەوە دانیشن."

وتیشی " پیاو و ئافرەت ناتوانن پێکەوە کاربکەن، ئەوە ئاشکرایە. ڕێگەیان پێنادرێت بێنە دامەزراوەکانمانەوە و لە وەزارەتەکانماندا کاربکەن."

بەڵام ڕوون نیە کە تا چەندێک لێدوانەکانی هاشمی ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حکومەتەکەی تاڵیبانە، لە ڕۆژانی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، وتەبێژی بزوتنەوەکە زەبیحوڵا موجاهید بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئافرەتان بەشێکی گرنگن لە کۆمەڵگە و دەکرێت " لە کەرتی جیاوازدا " کاربکەن.

بەڵام ئەندامانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی ئەفغانستان سەرجەمیان پیاون و هیچ ئافرەتێکیان تێدا نیە، هەروەها کۆمەڵێک ڕاپۆرت هەبوون لەسەر ئەوەی ئافرەتان لە شوێنی کارەکانیان دەرکراون و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

هاشمی وتی ڕێگە نەدان بە کارکردنی ئافرەتان دەبێت کەرتەکانی ڕاگەیاندن و بانکەکانیش بگرێتەوە، کە لە دوای ساڵی 2001 ەوە کارکردنی ئافرەتان لەو کەرتانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

هاشمی وتیشی " بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە ئافرەتانە، بۆ نمونە لە کەرتی تەندروستیدا، لە کەرتی خوێندندا. شوێنەکان بۆ ئەوان جیادەکرێنەوە، نەخۆشخانەی جیا، دەکرێت زانکۆ و قوتابخانە و خوێندنگاشیان بۆ جیابکرێتەوە."

ڕۆژی یەکشەممە وەزیری نوێی خوێندنی باڵای تاڵیبان وتی ئافرەتان دەتوانن لە زانکۆکان بخوێنن، بەڵام دەبێت لە پیاوەکان جیابکرێنەوە.

جێی ئاماژەیە ئافرەتانی ئەفغانستان کۆمەڵێک خۆپیشاندانیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ئەنجامداوە و تیایدا داوایان کردووە ئەو مافانەیان بپارێزرێت کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە. هەندێک لە خۆپیشاندانەکان بە تەقەی چەکدارانی تاڵیبان بڵاوەیان پێکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG