Accessibility links

تاڵیبان پێشوازی لە گفتوگۆ نوێیەکان دەکات لەگەڵ ئەمەریکادا


سوهەیل شاهین
سوهەیل شاهین

ڕۆژی چوارشەممە تاڵیبانی ئەفغانستان داوای لە ئەمەریکا کرد " هەنگاوی کرداریی " بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان، لەکاتێکدا ئەمەریکا و تاڵیبان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ خولێکی نوێی دیکەی دانوستانەکانی نێوانیان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا وتی نوێنەری تایبەتی وڵاتەکە بۆ ئەفغانستان تۆماس وێست هەفتەی داهاتوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ ڕابەرایەتی شاندەکەی ئەمەریکا دەکات لە دانوستانەکان لەگەڵ تاڵیباندا.

بەرپرسی باڵای تاڵیبان سوهەیل شاهین پێشوازی لە کۆبوونەوەکە کرد و وتی " هەنگاوێکی باشە " کە ئەمەریکا بڕیاریداوە گفتوگۆ دووقۆڵیەکان دەستپێبکاتەوە.

نوێنەری دەستنیشانکراوی تاڵیبان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سوهەیل شاهین بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئێمە کراوەین بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لەگەڵ ئەمەریکادا لەڕێی گفتوگۆ و دەستپێکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنیەوە لەگەڵیاندا."

شاهین وتی " تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکادایە. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا هەنگاوی کرداریی بنێت بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە گەورەکانیان لەگەڵماندا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان تۆماس وێست تاوتوێی بابەتە " گرنگەکانی بەرژەوەندی نیشتیمانی ئەمەریکا " دەکات لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا.

پڕایس وتی " تاوتویی بەرژەوەندییە گرنگەکانمان دەکەن سەبارەت بە ئەفغانستان، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەنێو ئەوەشدا دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکی و ئەفغانیەکان، ئەوانەی کە بەرپرسیارێتیەکی تایبەتیمان بەرامبەرییان هەیە، هەروەها تاوتوێی یارمەتیە مرۆییەکان و ڕەوشی ئابووری ئەفغانستان دەکرێت."

گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان لەنێوەندی خراپبوونی قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستاندا دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 23 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی یاخود لە سەدا 60 ی دانیشتوانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG