Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا کۆدەبێتەوە


بەرپرسێکی پاکستان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیان لەم هەفتەیەدا نوێنەری نوێی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان سەردانی پاکستان دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تاڵیبان و دیبلۆماتکارانی باڵای چین و ڕوسیادا کۆدەبێتەوە.

دوای ئەوەی وەکو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان دەستنیشانکرا، ئەمە یەکەمین سەردانی تۆماس وێست دەبێت بۆ ناوچەکە.

بەرپرسێکی باڵای پاکستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت کۆبوونەوەکەی " ترۆیکا پڵەس " ڕۆژی پێنجشەممە لە ئیسلامئاباد بەڕێوەدەچێت، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستانی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وێست سەردانی ڕوسیا و هیندستانیش دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لەم هەفتەیەدا وتی " پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان، وێست بەردەوام دەبێت لە دڵنیابوونەوە لەو پێشبینیانەی هەمانە بۆ تاڵیبان و هەر حکومەتێکی داهاتووی ئەفغانستان."

بەرپرسە باڵاکەی پاکستان وتی کۆبوونەوەکە زیاتر سەنگ دەخاتە سەر " دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ ڕێگەگرتن لە قەیرانە مرۆییەکان و هەروەها تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی کراوە لە ئەفغانستان."

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند جارێک هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی ئەفغانستان لە لێواری خراپترین قەیرانی مرۆییدایە، بەجۆرێک زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی " کەمی خۆراک " بوونەتەوە و وەرزی زستانیش ملیۆنان خەڵکی ناچار کردووە هەڵبژێرن لەنێوان " کۆچکردن و مردن لە برسا ".

وێست کە لەم هەفتەیەدا لە بڕۆکسل بوو تاوەکو کورتەیەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیبان بە هاوپەیمانێتی ناتۆ بڵێت، بە ڕۆنامەووسانی وت ئیسلامیەکان " بە ڕوونی " ئارەزوویان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی یارمەتیەکان دەربڕیوە، هەروەها ئارەزووشیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و کەمکردنەوەی سزاکان دەربڕیوە.

وێست داوای یەکگرتوویی هاوپەیمانانی کرد لەو بابەتانەدا، ئاماژەی بەوەدا " واشنتن ناتوانێت بە تەنها هیچ لەوانە ئەنجام بدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG