تاڵیبان وتی هەشتەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کۆتایی هات کە مەبەست لێیان کۆتای هێنانە بە جەنگی ئەفغانستان و گەیشتنە بە ڕێکەوتنێک کە تیایدا ئەمەریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە و لەبەرامبەردا تاڵیبان بەڵێن بدات ئەفغانستان نەکاتە بنکەیەک بۆ پلاندانان بۆ هێرشەکانی.
لە کۆتای ساڵی ڕابردووەوە ئەم دانوستانانە لە قەتەڕ بەڕێوەدەچن لەنێوان بەرپرسانی تاڵیبان و ئەمەریکادا.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی بەیانی ڕۆژی دووشەممەنوێترین خولی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کۆتایی هاتووە، بەرپرسێکی ئەمەریکیش لە ماوەی ڕابردوودا وتی لە دانوستانەکاندا وردەکاری و چۆنێتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە باس کراوە.
موجاهید لە بەیاننامەیەکدا وتی " دانوستانەکان ماوەیەکی زۆری خایاند و بەسوود بوو، هەردوولا بڕیاریانداوە لەگەڵ ڕابەرەکانیاندا قسە بکەن لەبارەی هەنگاوەکانی دواترەوە."
ڕۆژی یەکشەممە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد کە ڕابەرایەتی شاندەکەی ئەمەریکا دەکات لە دانوستانەکاندا وتی " هەوڵێکی زۆر دەدرێت بەرەو گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی و ئەفغانستان دەبێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و هەڕەشە نابێت بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە." ئەم ڕێکەوتنە ئامانجەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان بەدی دەهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز