Accessibility links

سەرکردەیەکی تاڵیبان: بەمزووانە ڕێکەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆ دەکەین


جێگری ڕابەری تاڵیبانی ئەفغانستان وتی تاڵیبان بەمزووانە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆ دەکات بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ و وتیشی تاڵیبان " بەتەواوەتی پابەند " دەبێت بە ڕێزگرتن لەو ڕێکەوتنە " مێژووییە."

لە پەڕەیەکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا جێگری ڕابەری تاڵیبان سەڕاجەدین حەقانی نووسیویەتی " واژۆکردنی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکادا دەستکەوتێکی بچووک نیە." ئەمەش لە یەکەمین لێدوانی ئاشکرای سەرکردەیەکی گرنگی تاڵیباندا سەبارەت بە ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک.

پێدەچێت ئەم ڕێکەوتنە کە لەڕێی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و تاڵیبانەوە لە قەتەڕ پێی گەیشتن ببێتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

حەقانی کە ڕابەرایەتی تۆڕی حەقانیش دەکات و خەڵکیان هەیە لە پاکستان، لە پەڕەکەدا دەڵێت " جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە و هەموو ئەو گرەنتیانەی تیایدایە و سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئاشتیەکی هەمیشەییە بەند دەبێت بە ڕێزگرتنی ئەمەریکاوە لە بەرپرسیارێتییەکانی."

شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان بەردەوام بوون بەڵام هەڵسوڕێنەری کاروباری وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە وتی ڕێکەوتنەکە لە ماوەی پێنج ڕۆژی دیکەدا جێبەجێ دەکرێت.

حەقانی ئاماژەی بەو نیگەرانیانەدا کە دەڵێن ئەفغانستان جارێکی دیکە دەبێتەوە بە لانەی توندڕەوە ئیسلامییەکان و وتی ئەو نیگەرانیانە " زیادەڕۆییان تێدا کراوە."

لەلای خۆیەوە وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستان سدیق سدیقی بە ڕۆیتەرزی وت " بەداخەوە نیویۆرک تایمز ئەو پەڕەیەی تەرخان کردووە بۆ کەسێک کە لە لیستی تیرۆردایە. ئەو و تۆڕەکە بەرپرسن لە هێرشە توندڕەوەکانی سەر ئەفغانیەکان و بیانییەکان."

سدیقی لە تویتەر نوسیویەتی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی بۆ دووەم جار لە ماوەی 24 کاتژمێردا چاوی بە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا زەڵمای خەلیلزاد کەوتۆتەوە و تاوتوێی دانوستانەکانی ئاشتی و وردەکارییەکانی ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانیان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG