Accessibility links

تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە مەلا بەرادەر مردبێت


مەلا عەبدول غەنی بەرادەر
مەلا عەبدول غەنی بەرادەر

تاڵیبان ڕەتی کردەوە یەکێک لە ڕابەرە باڵاکانی لە شەڕێکدا کوژرابێت، ئەمەش دوابەدوای ئەو هەواڵانەی کە گوایە لە ناوخۆی تاڵیباندا جیابوونەوە هەیە دوای نزیکەی یەک مانگ لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان.

وتەبێژی تاڵیبان سوهەیل شاهین وتی مەلا عەبدول غەنی بەرادەر کە پێشتر سەرۆکی ئۆفیسی سیاسی تاڵیبان بووە و هەفتەی ڕابردوو وەکو جێگری سەرۆک وەزیری ئەفغانستان دەستنیشانکرا، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردۆتەوە کە گوایە لە شەڕێکدا کوژرابێت یاخود بریندار بووبێت.

شاهین وتی " ئەو دەڵێت ئەوە درۆیە و بەتەواوەتی بێ بنەمایە."

هاوکات تاڵیبان گرتەیەکی ڤیدیۆیشی بڵاوکردەوە تیایدا بەرادەر لە کۆبوونەوەیەکدا لە باشووری شاری کەندەهار دەردەکەوێت، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئەم ڕەت کردنەوەیە دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژێکە باس لەوە دەکرێت لایەنگرانی بەرادەر شەڕییان لەگەڵ لایەنگرانی سیراجەدین حەقانیدا کردووە کە سەرۆکی تۆڕی حەقانیە و بنکەکەیان لەنزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستانە و بە بەرپرس دادەنرێن لە کوشندەترین هێرشە خۆکوژییەکانی جەنگی ئەفغانستاندا.

ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە گومانی ئەوە هەیە ڕکابەرایەتیەک هەبێت لەنێوان سەرکردە سەربازییەکانی وەکو حەقانی و ڕابەرانی ئۆفیسی سیاسیی تاڵیبان لە دەوحە وەکو بەرادەر، کە سەرپەرشتی هەوڵە دیبلۆماتیەکانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا.

تاڵیبان چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە دابەشبوون لەناوخۆی بزووتنەوەکەدا هەبێت.

بەرادەر کە پێشتر وەکو سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان دەبیندرا، ماوەیەکە دەرناکەوێت و لەو شاندەی تاڵیبانیشدا نەبوو کە ڕۆژی یەکشەممە لە کابوڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەڕدا کۆبوونەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG