Accessibility links

تاڵیبان داواکەی ڕوسیا بۆ دانوستانی ئاشتی قبوڵ دەکات و حکومەتی ئەفغانستان بەشدار نابێت


تاڵیبان ڕایگەیاند شاندێکی باڵا دەنێرێت بۆ دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە ئەفغانستان و واچاوەڕواندەکرێت ڕوسیا میوانداری دانوستانەکان بکات، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لەوەی ئەفغانستان ڕەتی کردەوە بەشداری تێدا بکات.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا کۆمەڵێک وڵاتی بانگهێشت کردووە لەوانەش ئەمەریکا، بەڵام واشنتن ڕایگەیاند کە ئامادەی ئەو دانوستانانە نابێت.

وتەبێژی تاڵیبان وتی " سەرکردەکانمان داواکەی ڕوسیایان قبوڵکردووە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بە ڕابەرایەتی ڕوسیا."

دوای چەند کاتژمێرێک لە داواکەی ڕوسیا، حکومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند بەشداری ناکات و ئەوەش بڕیارێکە کە لەوانەیە هەوڵەکانی مۆسکۆ لەناوببات بۆ سازدانی دانوستانی ئاشتی لە چواری مانگی نۆدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی وڵاتەکە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان وتی " بڕیارماندا بەشداری لە کۆنگرەکەی ڕوسیادا نەکەین." وتیشی " حکومەت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا ئەنجام دەدات بەبێ ئەوەی وڵاتانی بیانی ڕاستەوخۆ بەشدار بن لەو گفتوگۆیانەدا.

سیاسەتمەدارێکی باڵای بیانی لە کابوڵ وتی " هیچ مانایەکی نابێت ئەگەر ڕابەرانی وڵاتی ئەفغانستان بەشداری لەو دانوستانانەدا نەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG