Accessibility links

تاڵیبان لە ناوچەیەکی ئەفغانستان ڕووبەڕووی ڕاپەڕینێکی گشتی دەگمەن دەبێتەوە دژی دەسەڵاتەکەیان


تاڵیبان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کردووە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانێکی گشتی توندوتیژی بێپێشینە لە هەرێمێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، خۆپیشاندانەکان دژی یاسایەکی تاڵیبانن کە چاندنی ڕووەکێک، کە ماددەی هۆشبەری ئەفیۆنی لێدروست دەکرێت، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا قەدەغە دەکات.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو خۆپیشاندانەکان دەستییان پێکرد، لەو کاتەدا کە هێزەکانی تاڵیبان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستییان کرد بە لە ناوبردنی کێڵگەکانی ئەو جۆرە ڕووەکانە لە پارێزگای باداخشان، ئەمەش جووتیارەکانی توڕە کرد و بە یارمەتی دانیشتوانەکە ڕووبەڕوویان بوونەوە.

ڕۆژی یەکشەممە چەندین سەرچاوە ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە هێزەکانی تاڵیبان چەکییان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، لە ماوەی دوو ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا دوو کەسییان کوشتووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دانیشتوان دروشمی دژ بە ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە دەڵێنەوە، ئاخوندزادە بەپێی یاسایەکی ئایینی چاندنی ئەو جۆرە ڕووەکانەی لە سەرانسەری ئەفغانستاندا قەدەغە کردووە. دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستی و دروستی ئەو ڤیدیۆیانە پشتڕاست بکاتەوە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، دانیشتوانی ناوچەکە وتییان گرژییەکان زۆر زیادییان کردووە، هەروەها وتییان چاوەڕێی تیمێکی باڵادەستی حکومەت دەکەن تاوەکو مامەڵە لەگەڵ گلەییەکانییاندا بکات.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە ڕاگەیاندنێکی فەڕمیدا وتی سەرکردەی سوپاکەیان قاری فەسیحودین کە خۆی خەڵکی باداخشانە، سەرکردایەتی تیمەکە دەکات و بە چڕی لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکان و ئەو هەلومەرجە دەکەن کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان.

موجاهید وتی هەڵمەتی دژ بە چاندنی ئەو جۆرە ڕووەکە لە باداخشان بەپێی فەرمانێکی ئاخوندزادەیە بۆ ڕێگریکردن لە چاندنی ڕووەکی نایاسایی و قاچاخچێتیکردن پێیانەوە.

وتیشی " ئەم فەرمانە سەرجەم هەرێمەکان دەگرێتەوە بەبێ جیاکاری. بە داخەوە ڕووداو هەبوون کە تاوانباران هەوڵییانداوە هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی ئاسایش کە بەشدار بوون لە شەڕی دژ بە چاندنی ئەو جۆرە ڕووەکانەدا، ئەوەش بووەتە هۆی ڕوودانی ڕووداوی تراجیدی."

فەسیحودین گوایە ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن ئەوا ناچار دەبێت هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانە بکات بۆ " دامرکاندنی یاخیبوونەکە." جەختی لە سووربوونی تاڵیبان کردەوە بۆ بنەبڕکردنی چاندنی ئەو جۆرە ڕووەکانە لە ئەفغانستان و بەڵێنیدا ئەو ئامانجە بە دەستبهێنێت، بە هەر نرخێک بێت.

باداخشان و پارێزگاکانی دەوروبەری لە ڕووی نەژادەوە پاشتون نین. پارێزگاکە سنووری بە تاجیکستان و پاکستانەوەیە.

تاڵیبان کە نوێنەرایەتی دانیشتوانە زۆرینەکەی پاشتون دەکات، لە ساڵی نەوەدەکاندا کاتێک دەسەڵاتی هەبوو لە ئەفغانستان نەیتوانی کۆنتڕۆڵی ئەم پارێزگایانە بکات.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تاڵیبان سەرکەوتووانە توانی کۆنتڕۆڵی سەرجەم 34 پارێزگاکەی ئەفغانستان بکات.

بەڵام هەندێک لە شیکەرەوان دەڵێن ڕاپەڕینی خەڵکەکە لە باداخشان تیشک دەخاتە سەر ئەو بەربەستانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە لە پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا دانی نەناوە بە تاڵیباندا وەکو فەرمانڕەوایی یاسایی ئەفغانستان، ئەوەش بەهۆی کۆتوبەندەکانییانەوە بۆ سەر خوێندنی کچان و ژنانی وڵاتەکە، هەروەها بەهۆی کۆمەڵێک نیگەرانی دیکەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ.

لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی قورسی ئابووریی بووەتەوە، کەرتی بانکیی ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێزخراوە، سزاکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە بۆ سەر ڕابەرانی تاڵیبان وایکردووە بەخشەرەکان یارمەتییە داراییەکانییان بۆ پڕۆگرامەکانی گەشەپێدان لە ئەفغانستان دەستپێنەکەنەوە.

ئەم دۆخەش لە ئەفغانستان بووەتە هۆی زیاتربوونی بێکاریی و کێشەی ئابووری بۆ دانیشتوانە 40 ملیۆنەکەی وڵاتەکە.

بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت قەدەغەکردنی چاندنی ئەفیۆم لەلایەن تاڵیبانەوە بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار زیان بە جووتیارەکان دەگەیەنێت.

بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەهای ئابووریی ئەفیۆم بە ڕێژەی لەسەدا 90 کەمیکردووە، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی کە ڕووەکەکەیان تێدا دەچێندرێت بە ڕێژەی لەسەدا 95 کەمییان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەفغانییەکان 450,000 هەلی کار تەنها لە ئاستی کێڵگەکاندا لە دەست بدەن.

ئەفغانستان یەکێک بوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئەفیۆم هەتاوەکو ئەو کاتەی کە لە سەرەتای ساڵی 2022 دا تاڵیبان چاندنی ئەفیۆمی قەدەغە کرد.

قەدەغەکردنەکە بە توندی چاندن و بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەکارهێنان و بازرگانیکردن و هەناردەکردن و هاووردەکردنی ماددە نایاساییەکان بۆ ئەفغانستان قەدەغە دەکات. تاوەکو ئەمدواییانەدا بەرهەمی ئەفیۆم لە ئەفغانستان لە سەدا 85 ی سەرجەم بەرهەمهێنانی ئەفیۆم بوو لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG