Accessibility links

چەکدارانی تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی پایتەختی پاکستان ڕادەگەیەنن


وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید ئەحمەد لە پرسەی ئەفسەرە کوژراوەکەدا
وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید ئەحمەد لە پرسەی ئەفسەرە کوژراوەکەدا

تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیس و برینداربوونی دوو پۆلیسی دیکە.

بەرپرسانی پۆلیسی ئیسلامئاباد وتیان دوو چەکدار بە ماتۆڕێکەوە تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی پۆلیس کردووە لەنزیک یەکێک لە قەرەباڵغترین بازاڕەکانی شارەکە. وتیشیان هەردوو چەکدارەکە کوژراون.

پۆلیسی پایتەختی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەفسەرێکی پۆلیس شەهید بووە و دوو پۆلیسی دیکە برینداربوون." وتیشی دوو چەکدارەکە هەردووکیان کوژراون.

وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید ئەحمەد سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە " کردەوەیەکی تیرۆریستی " ناودێری کرد.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ لە زاری وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەوە بڵاوییان کردەوە " ئاماژەیەکمان وەرگرت کە کردەوە تیرۆریستیەکان خەریکە دەستپێدەکەنەوە لە ئیسلامئاباد."

تاڵیبانی پاکستان کە بە تەهریکی تاڵیبان پاکستان ناسراوە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و کوژرانی دوو چەکدارەکەی پشتڕاست کردەوە.

تاڵیبانی پاکستان بەدیاریکراوی لە دەستپێکی مانگی دوانزەوە هێرشەکانیان لە پاکستان زیادکردووە، لەکاتێکدا ئاگربەستە 30 ڕۆژییەکەی نێوان حکومەتی پاکستان و چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان ماوەکەی بەسەرچوو.

تاڵیبانی ئەفغانستان نێوەندگری کرد بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک تاوەکو تاڵیبانی پاکستان و حکومەتی پاکستان دەستبکەنەوە بە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوانیان. بەڵام تاڵیبانی پاکستان پەیماننامەکەی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست ڕەت کردەوە، ئاماژەی بەوەدا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکاندا بەدی نەکراوە.

بەرپرسانی پاکستان بەرپرسیارێتی سەدان هێرشی خۆکوژی و ڕفاندنیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا خستۆتە ئەستۆی تەهریکی تاڵیبان پاکستان.

پاکستان دەڵێت ڕابەرانی تاڵیبانی پاکستان و چەکدارەکانیان هەڵهاتوون بۆ ئەفغانستان و لەوێوە پلانی هێرشە تیرۆریستیەکانیان دادەڕێژن.

هەفتەی ڕابردوو تاڵیبانی پاکستان کوژرانی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی لە هەرێمی نانگەرهاری ڕۆژهەڵاتی سنووری ئەفغانستان پشتڕاست کردەوە. پیاوە کوژراوەکە خالید باڵتی بوو کە ڕابەرێکی باڵای تاڵیبانی پاکستان بووە، بەڵام ڕوون نیە کێ کوشتوویەتی.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تاڵیبانی پاکستانیان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ناودێرکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG