تاڵیبان هۆشداریدا لەسەر فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا بەسەر ئاسمانی ئەفغانستاندا، وتی ئەگەر ئەو فڕۆکەوانە بەردەوام بن لە فڕین بەسەر ئاسمانی ئەفغانستاندا ئەوا دەرەنجامی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.
تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی ئەرکەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکاوە لە ئەفغانستان، ئەمەریکا سەرجەم ماف و یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێلکردووە، هەروەها ئەو بەڵێنانەشی پشتگوێخستووە کە لە دەوحە بە تاڵیبانیداوە."
وتی " داوا لە سەرجەم وڵاتان و بەتایبەتی ئەمەریکا دەکەین بەپێی یاسا و ماف و بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکان مامەڵە لەگەڵ ئەفغانستاندا بکەن تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە هەر دەرەنجامێکی نەرێنی."
مانگی ڕابردوو تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە و دووبارە دەسەڵاتی لەو وڵاتەدا گرتەوە دەست، ڕابەرانی تاڵیبان ڕەتی دەکەنەوە ڕێکخراوەکانی داعش و ئەل قاعیدە لە ئەفغانستان چالاک بن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی داعش لەمدواییانەدا بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی جەلالئابادی ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز