وەزیری دەرەوەی نەرویج ڕایگەیاند بەرپرسانی تاڵیبان لە ماوەی ڕابردوودا گەشتییان کردووە بۆ نەرویج و لە کۆڕبەندێکی ئاشتیدا لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و دیبلۆماتکاراندا کۆبوونەتەوە.
سەردانەکە لە نێوەندی قەیرانێکی قورسی مرۆییدا دێت لە ئەفغانستان، دوابەدوای 20 ساڵ جەنگ و لە کاتێکدا کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان یارمەتییە داراییەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت، ئەمەش دوای ئەوەی تاڵیبان کارکردنی ژنانی ئەفغانی لە ئەرکە مرۆییەکاندا قەدەغە کرد.
وەزیری دەرەوەی نەرویج ئانیکین هویتفیلت بە ڕۆیتەرزی وت "نەرویج سێ کارمەندی مەدەنی بۆ کۆڕبەندی ئەمساڵی ئۆسلۆ بانگهێشت کردووە کە کار بۆ بەرپرسانی ئەفغانی دەکەن لە کابوڵ. لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانییەکان و نوێنەرانی وڵاتانی دیکەدا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەفغانستان."
ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژییە کە لە نزیک ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەیەکی ساڵانەیە لەسەر دیبلۆماسی و ئاشتی و ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی هات.
بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان لەلایەن هیچ حکومەتێکی بیانییەوە بە فەڕمی دانی پێدانەنراوە.
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان ڕۆزا ئۆتونبایڤا ئامادەی کۆبوونەوە داخراوەکە بووە.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە ڕابەرانی تاڵیبان بەو هۆیەی کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزای قەدەغەکردنی گەشتیان بەسەردا سەپێندراوە، ناتوانن گەشتی دەرەوەی وڵاتەکە بکەن، بەڵام بەرپرسانی دیکەی تاڵیبان دەتوانن گەشت بکەن و لە دەرەوە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و پاکستان و ئیماڕاتدا کۆبوونەتەوە.
لە ساڵی 2022 دا وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی لە ئۆسلۆ ئامادەی کۆبوونەوەیەک بوو.
وەزیری دەرەوەی نەرویج وتی "لە ئێستادا پەراوێزخستنی ئەفغانستان جێی داخە، بۆ گەلی ئەفغانستان و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و ئەمە وادەکات بارودۆخی ناو ئەفغانستان خراپتر بێت. هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزتر بوونی گروپەکانی وەکو ڕێکخراوی داعش لە وڵاتەکەدا. ئەمە مەترسیش لەسەر ئەوروپا دروست دەکات."
کەناڵی هەواڵی تلوعی ئەفغانستان بڵاویکردەوە بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و ناوخۆی تاڵیبان گەشتییان کردووە بۆ نەرویج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی تاڵیبان بەشداریان لە کۆڕبەندێکی ئاشتی لە نەرویج کردووە
