Accessibility links

تاڵیبان باڵیۆزی خۆی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان دەکات


سوهەیل شاهین، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی تاڵیبان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان
سوهەیل شاهین، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی تاڵیبان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان

بەپێی نامەیەک کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، تاڵیبان داوایکردووە لەم هەفتەیەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسە لەگەڵ ڕابەرانی جیهاندا بکات، هەروەها وتەبێژەکەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ سوهەیل شاهینی وەکو باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەم داوایەی کردووە. موتەقی داوایکردووە نوێنەری تاڵیبان لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قسە بکات.

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق نامەکەی موتەقی پشتڕاست کردەوە. ئەمەش ڕکابەرییەک دروست دەکات لەنێوان باڵیۆزەکەی تاڵیبان و باڵیۆزی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

حەق وتی داواکان بۆ کورسی باڵیۆزی ئەفغانستان بۆ نۆ ئەندامی لیژنەی متمانەپێدەری نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە، کە ئەمەریکا و چین و ڕوسیاش لەخۆدەگرێت. پێناچێت لیژنەکە بەر لە ڕۆژی دووشەممە لەسەر ئەم بابەتە کۆببنەوە، بۆیە گومان هەیە لەوەدا وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بتوانێت وتاری خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات.

پەسەندکردنی باڵیۆزی تاڵیبان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، کە ئەوەش لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی دووبارە یارمەتیە داراییەکان بۆ ئابووری ئەفغانستان دەستپێبکەنەوە.

گۆتیرێش لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەداوە ئارەزووی تاڵیبان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی تەنها ئامڕازە کە وڵاتانی جیهان بتوانن وەکو کارتێکی فشار دژی تاڵیبان بەکاریبهێنن تاوەکو تاڵیبان ناچار بکەن ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی مافەکانی ئافرەتان بگرێت و حکومەتێکی کراوەیان هەبێت.

حەق وتی لە نامەکەی تاڵیباندا ئاماژە بەوە دراوە کارەکانی باڵیۆزی پێشووی حکومەتی ئەفغانستان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو بووە و چیتر نوێنەرایەتی ئەفغانستان ناکات.

بەپێی یاساکانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە. لە ئێستادا وابڕیارە لە دوایین ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا لە 27 ی مانگی نۆ وتاری خۆی لەبەردەم ڕابەرانی جیهاندا پێشکەش بکات، بەڵام بەهۆی ئەم نامەیەی تاڵیبانەوە، هێشتا دیار نیە ئایا هیچ وڵاتێک دژایەتی ئەوە دەکات یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG