سەرکردەیەکی باڵای تاڵیبان بە ئاشکرا ڕەخنەی لە سیاسەتی حکومەتەکەی گرت لەسەر قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە ئەفغانستان، وتی " ئەوە بژاردەیەکی تایبەتییە " وەک لەوەی لێکدانەوەی یاسای ئیسلامی یاخود شەریعە بێت.
لێدوانە دەگمەنەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تاڵیبان شێر عەباس ستانیکزای لە نێوەندی داوا نێودەوڵەتییەکاندایە لە تاڵیبان بۆ ڕێگەدان بە خوێندنی " کچان لە قوتابخانەکانی ناوەندی و سەرووتریشدا، هەروەها لابردنی کۆتوبەندەکانی سەر دەستڕاگەیشتنی ژنان بە ژیانی گشتی."
تاڵیبان لە ساڵی 2021 دا دەسەڵاتییان لە ئەفغانستان گرتە دەست و هەیبەتوڵا ئاخوندزادەی سەرکردەی تاڵیبان لە ڕێگەی دەیان فەرمانەوە لێکدانەوەی توندی بۆ یاسای ئیسلامی خستەڕوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە وێرانکراوە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەستڕاگەیشتنی کچان بە خوێندن لە دوای پۆلی شەشەم قەدەغە دەکات و ژیانی گشتی و کارکردن لەسەر زۆربەی ژنان قەدەغە دەکات.
ستانیکزای لە مەراسیمێکی دەرچوونی خوێندکارانی ئایینیدا لە پارێزگای خۆستی ئەفغانستان وتی " داوا لە سەرکردایەتی ئیماڕاتی ئیسلامی ( تاڵیبان ) دەکەین کارێک بکات هەمووان بتوانن بخوێنن. هیچ بیانوویەک نیە بۆ زەوتکردنی ئەمە، وەکو چۆن هیچ بیانوویەکی لە ڕابردوودا نەبووە، نابێت هیچ بیانوویەکیش هەبێت."
ستانیکزای وتی جیهان ڕەخنە دەگرێت لە کۆتوبەندەکانی تاڵیبان لەسەر ژنان و وتی " بە دیاریکراویی ئەمە کێشەکەیە " کە ئەوان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا هەیانە، کە لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە بە فەڕمی دانی پێدانەندراوە، بەشێکی زۆری هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنانی وڵاتەکەدا.
ستانیکزای وتی " ئەمڕۆ ئێمە نادادپەروەری دەکەین بەرامبەر 20 ملیۆن کەس لە کۆی 40 ملیۆن دانیشتووەکەی وڵاتەکە. بێبەشمان کردوون لە مافەکانییان لە ڕێی داخستنی دەرگاکانی قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕوویاندا، لە ناکۆکییە تایبەتەکاندا وەکو قەرەبوویەک دەستبەردارییان دەبین، ڕێگەیان لێدەگرین لە هەڵبژاردنی هاوسەرەکانییان."
وتی " ئایا ئێمە بە ڕاستی شەریعە پەیڕەو دەکەین؟... ئەو ڕێگەیەی کە ئێستا پەیڕەوی دەکەین بە هەڵبژاردنی تایبەتی بووە نەک شەریعە."
ستانیکزای بە ئاشکرا دژی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان قسەی کردووە، بەڵام ئەم لێدوانە تاڕادەیەک توندانەی ئەم دواییانەی یەکەم دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆن بۆ ئەو فەرمانانەی کە ئاخوندزادە لە بنکەکەی خۆی لە شاری قەندەهار لە باشووری ئەفغانستانەوە دەریکردوون کە بەشێوەیەکی سەرەکی ژنان دەکەنە ئامانج.
تاڵیبان دوای چەندین ساڵ لە شەڕکردن لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دەسەڵاتییان لە ئەفغانستان بە دەستهێنایەوە، لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە. ئەم کشانەوەیە لە ئەنجامی رێککەوتنێک بوو کە لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا لە نێوان بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەو کاتەی دانۆڵد ترامپ و تاڵیباندا گفتوگۆی لەسەرکرابوو و ستانیکزای سەرکردایەتی تیمەکەی تاڵیبانی دەکرد لە گفتوگۆکاندا.
پێشتر لەم مانگەدا ستانیکزای ترامپی بە " سەرکردەیەکی یەکلارەکەوە و بوێر " ناوبرد، پێشبینی گۆڕانی کرد لە سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر ئەفغانستان لە ژێر بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی ترامپدا.
ستانیکزای وتی " هیوادارین ئەو ( ترامپ ) هەنگاوی ئەرێنی بەرەو پێشەوە بگرێتەبەر. ئێمەش بە ویستی خودا دێینە پێشەوە. دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوادا دروست بکەین."
نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بە توندی سەرکۆنەی کۆتوبەندەکانی تاڵیبانییان کردووە لەسەر ژنان.
ساڵی ڕابردوو تاڵیبان یاسایەکی نوێی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەی دەرکرد، کە تێیدا گەشتکردنی ژنان لە ڕێی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییەوە بەبێ پیاوێکی نزیکییان قەدەغە دەکات. یاساکە داوا لە ژنان و کچان دەکات لە شوێنە گشتییەکاندا ڕووخسارییان داپۆشن، گۆرانی وتن و دەنگ بەرزکردنەوەیان لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان قەدەغە دەکات.
ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان ڕیچارد بێنێت لە ڕاپۆرتەکانیدا باسی لەوە کردووە کە " سیاستمێکی نادامەزراوەیی لە جیاکاری و جیاکردنەوە و بێڕێزیکردن بە شکۆی مرۆڤ و دەرکردنی ژنان و کچان " لە ئەفغانستاندا هەیە. تاڵیبان سەردانیکردنی بێنێتی بۆ وڵاتەکە قەدەغە کردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
وەزیرێکی تاڵیبان داوا لە سەرکردایەتی تاڵیبان دەکات قەدەغەکردنی خوێندنی ژنانی ئەفغانی لاببەن
