Accessibility links

ڕابەری باڵای تاڵیبان داوا لە جیهان دەکات دان بنێن بە حکومەتەکەیدا


ڕابەری باڵای تاڵیبان دووبارە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بنێن بە حکومەتی تاڵیباندا، وتی جیهان بووەتە " گوندێکی بچووک " و پەیوەندییەکی گونجاوی دیبلۆماتی یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتەکەدا.

تاوەکو ئێستا دوای تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست هیچ وڵاتێک بە فەڕمی دانی بە حکومەتەکەیدا نەناوە.

لە پەیامێکی نوسراودا پێش جەژنی ڕەمەزان، ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخونزادە ئاماژەی بە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدا لەگەڵ تاڵیباندا، لەوانەش کردنەوەی خوێندنگا ناوەندییەکان بۆ کچان.

لەجیاتی ئەوە، وتی دەبێت سەرەتا دان بنێن بە حکومەتەکەیدا " تاوەکو بتوانین بە فەڕمی و لە چوارچێوەی یاسا و بنەما دیبلۆماتییەکاندا تاوتوێی کێشەکانمان بکەین."

وتی " بەبێ هیچ گومانێک، جیهان بووەتە گوندێکی بچووک."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەفغانستان ڕۆڵی خۆی هەیە لە ئاشتی و سەقامگیری جیهاندا، بەپێی ئەمەش جیهان دەبێت دان بنێت بە ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستاندا."

پەیامەکەی ئاخونزادە لەکاتێکدایە وڵاتەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هێرش بووەتەوە، ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هەندێک لەو هێرشانەی ڕاگەیاندووە کە کەمینە شیعەکانی کۆمەڵگەی هەزارایان کردۆتە ئامانج.

ئاخونزادە هیچ ئاماژەیەکی بە خراپی بارودۆخی ئاسایشی وڵاتەکە نەدا، بەڵام وتی وڵاتەکە توانیویەتی " سوپایەکی بەهێزی ئیسلامی نیشتیمانی و ڕێکخراوێکی بەهێزی هەواڵگری " دروست بکات.

زۆرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت یارمەتییە مرۆییەکان و دان پێدانان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا پەیوەست بێت بە مافەکانی ئافرەتانەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە دەست، دەیان هەزاران ئافرەت کارەکانیان لە حکومەتدا لەدەستدا، هەروەها قەدەغەکراوە لەسەرییان وڵاتەکە جێبهێڵن یاخود بە تەنها لەنێو شارەکاندا گەشت بکەن.

لە مانگی سێدا تاڵیبان سەرجەم خوێندنگا ناوەندییەکانی بۆ کچان دووبارە داخستەوە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکان.

هەندێک لە بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن ئاخونزادە خۆی فەرمانی کردووە خوێندنگاکان بۆ کچان دابخرێن.

پەیامەکەی ئاخونزادا باسی لە کچان و خوێندنگاکان نەکرد، بەڵام وتی بەرپرسانی تاڵیبان ناوەندی نوێ و " مەدرەسە " بۆ " خوێندنی ئاینی و هاوچەرخ " دەکەنەوە.

وتی " ئێمە ڕێز لە مافەکانی شەریعە دەگرین بۆ پیاوان و ئافرەتان لە ئەفغانستان و پابەندین پێیانەوە. ئەم یارمەتیە مرۆیییانە وەکو ئامڕازێکی سیاسیی بەکارمەهێنن."

وتی " بەرپرسانی پەیوەندیدار دەبێت بە ژیرییەوە خەڵک بەرەو شەریعە بانگهێشت بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە توندڕەوی."

وتیشی حکومەتەکەی پابەندە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، بەڵام بەپێی " بەهاکانی ئیسلام." ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەدان ڕۆژنامە داخراون و لێدانی مۆسیقا لە تەلەفیزیۆنەکانەوە قەدەغەکراوە و ئەو فیلم و درامایانەش کە ئافرەتییان تێدایە لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان لابراون.

باوەڕوایە ئاخونزادە تەمەنی لە حەفتاکاندا بێت، لە ساڵی 2016 ەوە ڕابەرێکی ڕۆحی تاڵیبان بووە، بەڵام سەرەڕای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، ئاخونزادە هێشتا لە سێبەرەکاندایە و دەرناکەوێت.

دەرنەکەوتنی ئاخونزادە گومانی ئەوەی دروست کردووە کە ڕەنگە لەژیاندا نەمابێت و لێدوانەکانی بەرهەمی لیژنەیەک بن.

بەڵام لە مانگی 10 دا تاڵیبان گرتەیەکی دەنگی بڵاوکردەوە و وتی دەنگەکە ئاخونزادەیە و وتار بۆ " مەدرەسەیەک " دەدات لە قەندەهار.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG