Accessibility links

ڕابەری باڵای تاڵیبان بۆ یەکەمین جار دەرکەوت


ڕابەرانی تاڵیبان، مولا عومەر، مولا ئەختار مەنسوڕ، مولا هەیبەتوڵا ئاخونزادە

بەرپرسانی تاڵیبان ڕایانگەیاند ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە لە شاری کەندەهاری باشووری ئەفغانستان وتارێکی پێشکەشی لایەنگرانی کردووە، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنیەتی لەدوای ساڵی 2016 ەوە کاتێک بووە ڕابەری بزوتنەوەکە.

لە ساڵی 2016 ەوە ئاخوندزادە سەرکردەیەکی ڕۆحی بووە بۆ تاڵیبان، بەڵام دەرنەکەوتووە، تەنانەت دوای ئەوەش کە بزوتنەوەکە کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە.

دەرنەکەوتنی ئاخوندزادە کۆمەڵێک گومانی دروستکردبوو لەسەر ڕۆڵی ئەو لە حکومەتە نوێیەکەی تاڵیباندا، تەنانەت باس لەوە دەکرا کە مردووە.

بەرپرسانی تاڵیبان وتیان ڕۆژی شەممە ئاخوندزادە سەردانی مەدرەسەی دارولعلوم حەکیمەی کردووە تاوەکو " قسە بۆ سەربازە ئازاکانی بکات."

لە ماوەی وتارەکەیدا ڕێگە نەدراوە هیچ وێنە و ڤیدیۆیەک بگیردرێت، بەڵام تۆمارێکی دەنگی 10 خولەکی لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تاڵیبانەوە بڵاوکرایەوە.

لە تۆمارەکەدا ئاخوندزادە بە " ئەمیرولموئمینین " دەناسرێت و پەیامێکی ئایینی پێشکەشی لایەنگرەکانی دەکات.

لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە سیاسەت نەداوە، زیاتر باس لە " ڕەحمی " خودا دەکات لەسەر بوونی سەرکردایەتی تاڵیبان.

نزا بۆ چەکدارە کوژرا و بریندارەکانی تاڵیبان دەکات، هەروەها نزا بۆ سەرکەوتنی بەرپرسانی تاڵیبان دەکات لەم " تاقیکردنەوە گەورەیەدا."

باوەڕوایە ئاخوندزادە زیاتر ڕۆڵی سەرکردەیەکی ڕۆحی هەبێت وەک لە فەرماندەیەکی سەربازی، بەیاننامەکانی ئاخوندزادە ئەو گومانانە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێستا دەیەوێت ڕۆڵێکی گرنگتری هەبێت لە ڕابەرایەتیکردنی حکومەتە نوێیەکەی تاڵیباندا.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 دا لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا ڕابەری پێشووی تاڵیبان مولا ئەختار مەنسوڕ کوژرا، ئاخوندزادە لە کەسایەتیەکی ئاینی نادیارەوە بوو بە ڕابەری تاڵیبان.

دوای ئەوەی وەکو ڕابەری تاڵیبان دەستنیشان کرا، ئاخوندزادە پشتیوانیەکانی تاڵیبانی بۆ ڕابەری ڕێکخراوی ئەل قاعیدە ئەیمەن ئەل زەواهیری پاراست، زەواهیری بەردەوام ئاخوندزادەی بەرز نرخاندووە و بە " ئەمیری وەفا " ی ناودێری کردووە.

ئەم بەرزنرخاندنەی جێگرەوەکەی ئوسامە بن لادن وایکرد هاوپەیمانە کۆنەکانی تاڵیبان سەرجەمیان پشتیوانی لە ئاخوندزادە بکەن.

ئەرکی ئاخوندزادە یەکخستنەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بوو کە بەهۆی کوژرانی ئەختارەوە بۆ ماوەیەکی کەم تێکچوو بوو. دوایین پەیامی ئاخوندزادە لە 7 ی مانگی نۆدا بوو، کاتێک بە حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبانی ڕاگەیاند یاسای شەریعە بەرز ڕاگرن لەکاتێکدا فەرمانڕەوایی ئەفغانستان دەکەن.

سەرچاوە./ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG