Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت چەکدارانی داعش هێرشیان کردۆتە سەر نەخۆشخانە سەربازییەکەی کابوڵ


چەکدارانی تاڵیبان، کابوڵ، ئەفغانستان

تاڵیبان دەڵێت کۆمەڵێک چەکداری سەر بە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان هێرشەکەی سەر نەخۆشخانە سەربازییەکەی کابوڵیان ئەنجامداوە.

بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی سەردار داود خان لە ناوجەی وەزیر ئەکبەر خانی کابوڵ بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 25 کەس و برینداربوونی 50 کەسی دیکە. وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهیدیش وتی لەنێو کوژراوەکاندا منداڵێک و سێ ئافرەت و سێ پاسەوانی تاڵیبانی تێدا بووە.

شایەتحاڵان و پاسەوانانی نەخۆشخانەکە ئاماژەیان بەوەدا هێرشەکە بە تەقینەوەیەکی بەهێز لە دەرگای هاتنە ژوورەوەی نەخۆشخانەکە دەستیپێکردووە و دواتر تەقینەوەی دووەمیش لەناو نەخۆشخانەکەدا ڕوویداوە.

موجاهید وتی دواتر سێ چەکدار ویستوویانە بچنە ناو بیناکەوە بۆ کوشتنی پزیشکەکان و نەخۆشەکان، بەڵام هێزە تایبەتەکانی تاڵیبان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و هەوڵەکەیانیان پوچەڵ کردۆتەوە.

موجاهید وتی ڕووبەڕووبوونەوەکە " 15 خولەکی خایاندووە و سەرجەم چەکدارەکانی داعش کوژراون. هیچ کەسێک لە ناو نەخۆشخانەکەدا زیانی بەرنەکەوتووە."

تاوەکو ئێستا داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

داعشی خۆراسان دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە هێرشەکانی لە وڵاتەکەدا چڕتر کردۆتەوە. توندوتیژییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی چەکدارانی تاڵیبان و ئەندامانی کەمینەی شیعەکانیان کردۆتە ئامانج، سەدان کەسیان کوشتووە و بریندارییان کردوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG