Accessibility links

تاڵیبان: لە ماوەی سێ مانگدا ئێران نزیکەی 350,000 ئەفغانی ڕەوانە دەکاتەوە


بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئێران و پاکستان نزیکەی 850,000 هاووڵاتی بێ بەڵگەنامەی ئەفغانییان ناچار کردووە بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

هەڵمەتی ڕەوانەکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان دادەنیشن بەردەوامە، ئەمەش سەرەڕای هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەڵێت زستانێکی سەخت و داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستانی پڕ لە قەیران.

وەزیری تاڵیبان بۆ کاروباری پەنابەران و ڕەوانەکردنەوە، عەبدول ڕەحمان ڕەشید، بە کەناڵی هەواڵی تۆلۆی ئەفغانستانی وت ئێران لە کۆتا هەفتەی مانگی نۆوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 345,000 ئەفغانی ڕەوانە کردووەتەوە.

بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات، ڕەشید وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان پارەی داوە بە سەرجەم خێزانە ڕەوانە کراوەکان و یارمەتی بەپەلەی بۆ دابین کردوون.

بەرپرسانی ئێران بەڵێنییان داوە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانە ڕەوانە بکەنەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئێراندان.

بەرپرسانی پاکستانیش دەڵێن نزیکەی 490,000 ئەفغانی گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی پاکستان فەرمانیکرد بە ڕەوانەکردنەوەی بیانییە نایاساییەکان لە وڵاتەکەدا، دوو مانگ لەمەوبەریش نزیکەی 1.7 ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانی ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە.

وەزیری ناوخۆی پاکستان سەرفراز بوگتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلامئاباد وتی " زیاتر لە سەدا 90 ئەو ئەفغانییانەی کە بەڵگەنامەیان نییە ڕەوانە کراونەتەوە یاخود خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە."

دەزگاکانی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسییان لەوە کردووە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو ئەفغانییانەی کە ڕەوانە دەکرێنەوە کەم بووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەن تاوەکو مانگی 7 ی ساڵی 2024 نزیکەی 280,000 کەسی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان هەفتەی ڕابردوو هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کە " لاوازیی ئەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە لە ماوەی وەرزی سەختی زستاندا خراپتر دەبێت." ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خواستەکان لەسەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

XS
SM
MD
LG