تاڵیبان وتی لە ماوەی پشووەکانی جەژنی قورباندا چەکدارانی تاڵیبان تەنها لە حاڵەتی بەرگریکردن لە خۆیاندا شەڕ دەکەن.
جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە لە ئەفغانستان، تاڵیبان دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان لەو وڵاتەدا، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک خاڵی سنووریی و ناوچە و شاری کۆنتڕۆڵکردووە.
وتەبێژێکی تاڵیبان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " دەتوانم دڵنیای بدەم لەسەر ئەوەی لە ماوەی جەژندا لە حاڵەتی بەرگریدا دەبین." بەڵام ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەک نەدا.
ئەم ڕاگەیاندنەی تاڵیبان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە وتارێکدا وتی تاڵیبان سەلماندی کە " هیچ نیازێکیان نیە بۆ ئاشتی." ئەمە لەکاتێکدا گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئەنجامێکی بەرچاوییان نەبووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس