Accessibility links

تاڵیبان پێنج هاوڵاتی بەڕیتانی ئازاد دەکات


وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید

ڕۆژی دووشەممە تاڵیبانی ئەفغانستان ئازادکردنی کۆمەڵێک هاوڵاتی بەڕیتانی پشتڕاست کردەوە کە بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئەفغانستان گیرابوون.

پشتڕاستکردنەوەکە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە هات بەرپرسانی بەڕیتانیا ڕایانگەیاند پێنج هاوڵاتییان لە ئەفغانستان ئازادکراون.

گوتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید گوتی پیاوە بەڕیتانییەکان بەهۆی شکاندنی یاسا و نەریتەکانی ئەفغانستانەوە دەستگیرکرابوون. وتی ڕۆژی یەکشەممە دوابەدوای کۆمەڵێک کۆبوونەوە لەنێوان تاڵیبان و حکومەتی بەڕیتانیادا ڕادەستی بەڕیتانیا کراونەتەوە.

موجاهید گوتی " هاوڵاتیە بەڕیتانییەکان بەڵێنیانداوە پابەندی یاسا و نەریتەکانی ئەفغانستان و کلتوری خەڵکەکە بن و دووبارە پێشێلیان نەکەنەوە."

ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا پێشوازی لە ئازادکردنەکان کرد و گوتی پێنج پیاوەکە بەبێ گوێدانە ئامۆژگارییەکانی حکومەتی بەڕیتانیا گەشتیان بۆ ئەفغانستان کردووە.

نوێنەری هاوڵاتییە بەڕیتانییە ئازادکراوەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە هەڵەیەک بوو."

گوتی " لەجیاتی خێزانی هاوڵاتییە بەڕیتانییەکان، داوای لێبووردن دەکەین لەسەر پێشێلکردنی هەر نەریت و کلتور و یاسایەکی ئەفغانی، هەروەها دڵنیایی دەدەین لەسەر ڕەفتاری باشی داهاتوویان، حکومەتی بەڕیتانیا پەشیمانە لەمە."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس لە تویتەر نوسیویەتی " زیندانیە ئازادکراوەکان بەمزووانە بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە "، هەروەها سوپاسی دیبلۆماتکارە بەڕیتانییەکانی کرد لەسەر ڕۆڵیان لە ئازادکردنی پێنج هاوڵاتییەکەدا.

بەرپرسانی تاڵیبان و بەڕیتانیا ناوی هاوڵاتییەکانیان بڵاونەکردەوە و باسیان لە وردەکاری پڕۆسەی ئازادکردنەکە نەکردووە.

XS
SM
MD
LG