Accessibility links

تاڵیبان هێرش دەکاتە سەر شاری غەزنەی ناوەڕاستی ئەفغانستان


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان تاڵیبان هێرشیان کردۆتە سەر شاری غەزنەی ناوەڕاستی ئەفغانستان و خاڵەکانی پشکنینی پۆلیسیان سوتاندووە و بۆمبارانی ماڵ و ناوچە بازرگانییەکانیان کردووە و چەند بەشێکی ناوەڕاستی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

فڕۆکە هێلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا و فڕۆکەکانی دیکە پشتیوانی ئاسمانیان بۆ هێزەکانی ئەفغانستان دابین کرد. بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە شارەکەدا و هەواڵی بینینی لاشە لەسەر ڕێگەکان، دیار نیە حکومەت چەندێکی شارەکەی کۆنتڕۆڵکردووە.

سەرۆکی پۆلیسی غەزنە جەنەڕاڵ فەرید ئەحمەد مشعل وتی تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر چەند ناوچەیەکی شارەکەدا، کە چەند مانگێکە شەڕێکی توند لە دەوروبەری شارەکەدا هەیە.

بنکەی سوپای ئەمەریکا لە کابوڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی شەڕەکە لەنزیکی هەشتی بەیانی بەکاتی ناوخۆ کۆتایی پێهاتووە و هێزەکانی ئەفغانستان لە شوێنەکانیاندا ماونەتەوە و هەموو ناوەندە حکومییەکانیان لەژێر دەستدایە.

موقەدەم مارتن ئۆدۆنێڵی وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزەکانی ئەمەریکا لەڕێی هێرشی ئاسمانیی ڕاستەوخۆوە وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە."

بەرپرسانی ئەفغانی وتیان شەڕەکە لە کاتژمێر دووی بەیانیدا لەنێوان هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا دەستی پێکردووە، ئەوەش بەرپرسانی ناچار کرد ڕێگەی خێرای نێوان کابوڵی پایتەخت و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان دابخەن.

بەرپرسێکی باڵا لە غەزنە وتی " تاڵیبان موشەک دەهاوێژێت بۆ ئەو ناوچانەی کە دانیشتووانی لێن و ناوچەی بازرگانین. لە کاتژمێر دووی بەیانییەوە یەک خولەک بێدەنگی نەبووە."

لەکاتێکدا هێلیکۆپتەرەکان هەستان بەسەر شارەکەدا، بەرپرسێکی حکومی هۆشیاری دایە هاوڵاتیان کە لە ماڵەکانیان دەرنەچن. بەڵام هیچ وردەکارییەکی پێنەبوو سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان.

وتیشی " ناتوانین لە ماڵەکانمان بڕۆینە دەرەوە و یارمەتی بریندارەکان بدەین یاخوود لاشەکان بگوازینەوە."

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت شەوی پێنجشەممە چەند هێرشێک کراوەتە سەر غەزنە. وتیشی دەیان سەرباز و پۆلیسی ئەفغانی کوژراون و تاڵیبانیش دەستی گرتووە بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا.

بەڵام ئۆدۆنێڵ وتی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە زیانێکی گیانی کەم دەدەن لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG