Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشێکی تاڵیباندا بۆ سەر شوێنێکی سوپای ئەفغانستان دەیان کەس کوژران


بەرپرسانی ناوخۆی ئەفغانستان وتیان لە ئەنجامی هێرشێکی تاڵیباندا بۆ سەر شوێنێکی سوپای ئەفغانستان لە هەرێمی بەغلان 44 سەرباز و پۆلیسی ئەفغانی کوژراون.

هێشتا هیچ لێدوانێک لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەفغانستانەوە نەدراوە بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە وتیان نۆ پۆلیس و 35 سەرباز لە هێرشەکەدا کوژراون، ئەمەش نوێترین هێرشی تاڵیبانە لەو زنجیرە هێرشانەی کە بووە هۆی کوژرانی دەیان سەربازی ئەفغانستان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.

ئەم هێرشەش دوای کەمبوونەوەی توندوتیژییەکانی شاری غەزنە دێت کاتێک تاڵیبان فەرمانی بە چەکدارەکانی کرد دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ کردن بکشێنەوە، لە غەزنە سەدان کەس کوژران و برینداربوون و شارەکەش کاول کرا.

نەخۆشخانەکانی شارەکە پڕبوون لە لاشەی بریندار و کوژراو و خەڵکانێکیش لەنێو کوژراو و بریندارەکاندا بۆ خزمانیان دەگەڕان.

سەرکردەیەکی تاڵیبان وتی " هەندێک توانیویانە هەڵبێن لە شارەکە بەڵام زۆرێک ماون لە نێو ماڵەکانیاندا گەمارۆدراون."

وتیشی بڕیاری کشانەوە ئامانج لێی ئەوەیە زیانی زیاتر بە شارەکە نەگەیەنرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG