Accessibility links

تاڵیبان 11 پۆلیسی ئەفغانی دەکوژێت و ئاگر بەردەداتە بنکەکەیان


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان چەکدارانی تاڵیبان لە هەرێمی بەلخ لە باکووری ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە 11 ئەفسەری پۆلیسیان کوشتووە و ئاگریان بەرداوەتە بنکەکەیان.

وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی بەلخ مونیر فەرهاد وتی هێرشەکانی چەکدارانی تاڵیبان لە شۆرتیبا لە هەرێمەکە لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێکرد و تاوەکو بەیانی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام بوو. وتیشی چەکدارانی تاڵیبان ئاگریان بەرداوەتە بنکەیەکی پۆلیس دوای ئەوەی لە شەڕێکدا دەستیان بەسەردا گرتووە.

دوای ئەوەی هێزی پشتیوانی گەیشتۆتە شوێنەکە، هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی و هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان دەستیان گرتۆتەوە بەسەر بنکەکەدا.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی چەکدارانی تاڵیبان 30 پۆلیسیان کوشتووە، هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیشیان بڵاوکردەوە کە گوایە ئەو بنکەی پۆلیسەیە کە ئاگریان تێبەرداوە.

لەم ساڵانەی دواییدا پۆلیسی ئەفغانستان بەشێکی گەورەی زیانەکانی بەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکانی تاڵیبانەوە و هێزەکانی پۆلیس یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی تاڵیبان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG