بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبانی ئەفغانستان داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببەن و سەرمایە سڕکراوەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستان بگەڕێننەوە، ئەمەش دوابەدوای بومەلەرزە کوشندەکەی ئەفغانستان کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1000 کەس، هەروەها هەزاران کەسیشی بێ ماڵ و حاڵ کرد.
ڕۆژی چوارشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیدا و 10,000 خانووی وێرانکرد، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی نزیکەی 2000 کەسی دیکە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان عەبدول قەهار باڵخی بە ڕۆیتەرزی وت " ئیماڕاتی ئیسلامی داوا لە جیهان دەکات مافە سەرەتاییەکانی ئەفغانییەکان بدەن، ئەوەش لەڕێی لابردنی سزاکان و گەڕاندنەوەی سەرمایە سڕکراوەکان و پێدانی یارمەتییەکانەوە دەبێت."
کاتێک تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە، یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان بەردەوام بوون بەڵام پشتیوانییە داراییەکان بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکە ڕاگیران.
ملیاران دۆلار لە یەدەگەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە سڕکراون و سزاکانیش کۆسپییان خستۆتە بەردەم کەرتی بانکی وڵاتەکە، هاوکات ڕۆژئاوا هەوڵی سازدانێک دەدات لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی نیگەرانن سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان و کچان بۆ کارکردن و خوێندن لەژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا، لە مانگی سێدا تاڵیبان خوێندنگا ئامادەییەکانی بەڕووی کچاندا داخست.
کاتێک سەبارەت بەو پرسە پرسیار لە باڵخی کرا، وتی مافی ئەفغانییەکان لە پشتیوانییە داراییەکاندا دەبێت ئەرکێکی سەرەکی بێت. وتیشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیاوازی دەکات لە نێوان وڵاتەکاندا سەبارەت بە نیگەرانییەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ.
وتی " شانزە وڵات لە جیهاندا مافەکانیان لە ئاینە کەمینەکان سەندۆتەوە، بەتایبەتی موسوڵمانەکان، ئایا ئەوانیش ڕووبەڕووی سزاکان دەبنەوە لەسەر ئەوەی مافەکانیان پێشێلکردووە؟"
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دوای بومەلەرزە کوشندەکە، تاڵیبان داوا دەکات سەرمایە سڕکراوەکانی وڵاتەکە بدرێنەوە بە ئەفغانستان
