Accessibility links

بەڵگەنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفغانیانەی یارمەتی ئەمەریکایان داوە چڕدەکاتەوە


بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن دەزگای هەواڵی فرانس پرێسەوە بیندراوە، تاڵیبان گەڕانەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی ناتۆدا کارییان کردووە چڕتر کردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان داوە تۆڵە لە دوژمنەکانیان نەکەوە.

بەڵگەنامەکە کە لەلایەن ڕاوێژکارانی خەمڵاندنی هەڕەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە کراوە دەڵێت تاڵیبان " لیستێکی سەرەکی " ئەو کەسانەی هەیە کە دەیەوێت دەستگیرییان بکات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکە زۆرێک لەوانەی لە لیستەکەدان ئەو ئەفغانیانە دەگرێتەوە کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە سوپای ئەفغانستان و پۆلیس و یەکەکانی هەواڵگریدا.

هەروەها دەشڵێت تاڵیبان " دەرگا بە دەرگا " گەڕاوە بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیشیان تاوەکو دەستگیرییان بکات.

هەروەها ئاماژەش بەوە دەدات چەکدارانی تاڵیبان خاڵی پشکنینیان لەسەر ئەو ڕێگایانە داناوە کە دەچنەوە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ و هەروەها لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەشی وەکو جەلالئابادیش خاڵی پشکنینی لەو جۆرەیان داناوە.

بەڵگەنامەکە لەلایەن ناوەندێکی نەرویجی بۆ شیکارییە جیهانیەکان نوسراوەتەوە، کە ڕێکخراوێکە زانیاری هەواڵگری بۆ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە کریستیان نێڵمان بە فرانس پرێسی وت " ئەوان خێزانەکانی ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ڕەتی دەکەنەوە خۆیان بدەن بە دەستەوە، هەروەها دەستگیرییان دەکەن و بەپێی یاسای شەریعەت سزای خێزانەکانیان دەدەن."

وتیشی " پێشبینی ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو کەسانەی کە پێشتر لەگەڵ ناتۆ و هێزەکانی ئەمەریکادا کارییان کردووە و ئەندامانی خێزانەکانیشیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان یاخود لەسێدارەدان ببنەوە."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەمە دەزگاکانی هەواڵگری ڕۆژئاوا زیاتر دەخاتە مەترسییەوە، تۆڕەکانیان و شێوازی کارکردنیان و توانایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و داعش و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستیەکانی دیکەش."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG