Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت ئافرەتان دەتوانن لە زانکۆکان بخوێنن بەڵام پۆلەکان دەبێت جیابکرێنەوە


وەزیری نوێی خوێندنی باڵای تاڵیبان دەڵێت ئافرەتان ڕێگەیان پێدەدرێت لە زانکۆکان بخوێنن بەڵام پۆلەکان جیادەکرێنەوە و یاسای یەکپۆشی دەبێت جێبەجێ بکرێت.

وەزیری خوێندنی باڵا عەبدول باقی حەقانی وتی حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبان " دەست دەکات بە دووبارە بونیاندنانەوەی وڵاتەکە بەوەی کە ئەمڕۆ هەیە " و نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر کاتێک دوایین جار فەرمانڕەوایی وڵاتەکەیان دەکرد.

وتی خوێندکارە ئافرەتەکان لەلایەن مامۆستای ئافرەتەوە وانەکانیان پێدەوترێت و پۆلەکانیش جیا دەکرێنەوە، ئەوەش بەپێی لێکدانەوەکانی تاڵیبان بۆ یاسای شەریعەی ئیسلامی.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ، حەقانی وتی " سوپاس بۆ خوا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستای ئافرەتمان هەیە. کێشەمان نابێت لەمەدا. هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە مامۆستای ئافرەت بدۆزینەوە بۆ خوێندکارە کچەکان."

پرسی خوێندنی ئافرەتان یەکێکە لە گرنگرترین پرسیارەکان کە ڕووبەڕووی تاڵیبان بۆتەوە لەکاتێکدا دەیانەوێت باوەڕ بە جیهان بهێنن ئێستا جیاوازن لە ساڵەکانی نەوەدەکان کە ئەو کاتە ڕێگە نەدەدرا ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵەکانیان بخوێنن یاخود کار بکەن.

بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن ئافرەتان دەتوانن کار بکەن و بخوێنن، بەڵام بەپێی یاسای شەریعەی ئیسلامی و کلتوری ناوخۆی وڵاتەکە، بەڵام پۆشینی جلوبەرگ بەپێی یاسا دەبێت. حەقانی وتی دەبێت خوێندکارە کچەکان حیجاب بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا مەبەستی تەنها لە داپۆشینی سەرە یاخود داپۆشینی ڕووخساریش.

حەقانی وتی " ئەگەر لە حاڵەتێکدا زۆر پێویست بێت، مامۆستا پیاوەکان دەتوانن وانەکان بە خوێندکارە کچەکان بڵێنەوە، بەڵام بەپێی یاسای شەریعە، دەبێت خۆیان داپۆشیبێت." وتی لەو کاتەدا پۆلەکان بە پەردە جیا دەکرێنەوە و بەوشێوەیەش کوڕان و کچان لە یەکتر جیادەکرێنەوە، پێدانی وانەکانیش لەڕێی ڤیدیۆ یاخود تەلەفیزیۆنەوە دەبێت.

حەقانی ئەوەشی خستەڕوو جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم ئەو بابەتانەشی لە زانکۆ و خوێندنگاکاندا دەوترێنەوە لە مانگەکانی داهاتوودا پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG