Accessibility links

تاڵیبان کوژرانی ژمارەیەک داعش ڕادەگەیەنێت


چەکدارەکانی تاڵیبان، هێرشیان کردۆتە سەر حەشارگەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی لە شاری کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان.

لەو هێرشەی تاڵیباندا ژمارەیەک لە چەکدارەکانی داعش کوژراون و هێرشەکەش چەند کاتژمێرێک پاش تەقینەوە خوێناوییەکەی بەردەم مزگەوتی ئیدگاه کراوە.

5 کەسی سیڤیل کوژراون لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی ڕۆژی یەکشەممەدا. هەرچەندە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە بۆمبییە ڕانەگەیاندوە، بەڵام بەخێرایی گومانەکان کەوتنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی.
لەوەتای ناوەڕاستی مانگی 8 و تاڵیبان فەرمانڕەوایەتیکردنی ئەفغانستانی دەستپێکردووە، داعش هێرشەکانی خۆی دژی تاڵیبانی دوژمنی زیاد کردووە.

کاربەدەستانی تاڵیبان لەو مزگەوتە بوون بۆ بەشداریکردن لە پرسەی دایکی زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، موجاهید دەڵێت چەکدارەکانی تاڵیبان هێرشیان کردۆتە سەر نێوەندێکی جموجۆڵەکانی داعش لە گەڕەکی خەیر خانە لە باکوری کابوڵ، بەڵام لەو ڕاگەیەندراوەیدا هیچ ئاماژەیەکی نەکردووە بەوەی چەند چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لەو هێرشەدا کوژراون و یان چەند تاڵیبانیش بریندار بوون.

تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە، خوێناویترین هێرش بووە لەوەتای تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردووە پاش کشانەوەی دوا هێزی ئەمەریکا لە ڕۆژی 31ی مانگی هەشتدا.

دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لەو هێرشە خوێناویەی ڕۆژی 26ی مانگی هەشت، کە 169 هاوڵاتی ئەفغانی و 13 سەربازی ئەمەریکایی تیادا کوژران.

داعش ئەو هێرشەی لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ کرد لە کاتێکدا هەزاران کەس لەو فڕۆکەخانەیە بوون تا خۆیان لە فەرمانڕەوایەتی تاڵیبان دەرباز بکەن.

XS
SM
MD
LG