Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ڕۆڵی جەلال تاڵەبانی لە کوردستان و عێراقدا


جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی پـێشووی عێراق کۆچی دوایی کرد و بە دوای خۆیدا مێژوویەکی پـڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتێکی گرنگ جێهێشت.

تاڵەبانی هەر لە تەمەنی لاویـیەوە تێکەڵ بە جیهانی سیاسەت و کوردایەتی بووبوو و لە نێو خەڵکدا ناسرا بەوەی گەنجێکی زۆر چالاک و بە توانایە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ناسراوتر بوو و هەتا گەشتە ئەوەی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و پاشان هەموو جیهان بە تواناکانی وەک سەرکردەیەک بناسرێت.

هەرچەندە خۆی بە کەسێکی سۆشیال دیموکرات ناودێردەکرد، بەڵام خەسڵەتی نەتەوایەتی تیایدا زۆر قوڵ بوو. ئەم خەسڵەتە وەهای لێکردبوو داکۆکی لە مافی کوردان بکات لە هەر شوێنێکدا هەبن، تەنانەت لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وەک بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پشتیوانی دا بۆ بەرگریکردن لە کوردەکانی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم هەڵوێستەی وەهای کرد لە لایەن بەشێک لە ئۆپـۆزسیۆنی ئەو سەردەمەی عێراق تۆمەتباربکرێت بەوەی کار بۆ ڕژێمی سەدام حسێن دەکات و ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی عێراق لە سەدام ڕزگاربکات.

تاڵەبانی نەک تەنها کاری بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات کردبوو، بەڵکو زۆر هەوڵی دا دەسەڵاتدارانی تورکیا قایل بکات دان بە مافەکانی کورد لە وڵاتەکەیاندا بنێن و تەنانەت توانی کاریگەریـیەکی باش بکاتە سەر تۆرگۆت ئۆزال سەرۆکی پـێشووی تورکیا تاوەکو بە ڕێگەی ئاشتی مەسەلەی کورد چارەسەربکرێت.

تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی وەک ڕێبەرێکی کورد هەوڵی دەدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر بە زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکرد و پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵیان دروستکردبوو. هەروەها لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە بەغداش تواناکانی خۆی سەلماند و هەوڵێکی زۆری دا زۆرترین دەستکەوت بۆ کورد بەدەستبهێنێت لە چوارچێوەی عێراقدا. لەگەڵ ئەوانەشدا نابێت ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە بیربکرێت کە چۆن چەندان جار توانی عەرەبە شیعە و سوونەکانی عێراق لە لێواری شەڕێکی ناوخۆی سەرتاسەری ڕزگاربکات، بە تایبەتی لە ساڵی 2006 لە سەروەختی تەقاندنەوەی هەردوو مەزاری عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسکەری لە سامەڕا کە چۆن تاڵەبانی توانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات. پاشان لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی کە هەرچەندە پـۆستی سەرۆک بەپـێی دەستوری نوێی عێراق فەخریـیە، بەڵام تاڵەبانی کاریزمای وەک ڕێبەری وڵاتەکە زۆر دیاربوو.

لەم بەرنامە تایبەتەی ئەمڕۆی هەلەو واشنتن باس لە ڕۆڵی گرنگی ئەم ڕێبەری کورد دەکرێت کە زیاتر لە نێو سەدەی لە نێو جیهان سیاسەت و کوردایەتی بەسەربرد.

XS
SM
MD
LG