Accessibility links

دوو بەرپرسی ئەفغانی: فڕۆکەیەکی تاجیکی یاخوود ڕوسی بۆردومانی ناوچەیەکی سنووری کردووە


دوو بەرپرسی حکومەتی ئەفغانستان وتیان فڕۆکەیەکی تاجیکی یاخوود ڕوسی بۆردومانی ناوچەیەکی سەر سنووری هەرێمێک کردووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ئەمەش لەمیانەی پێکدادانەکانی چەکداران و پاسەوانانی سنووری تاجیکستاندا.

وتیشیان بۆردومانەکە بۆتە هۆی کوژرانی شەش چەکدار دوای ئەوەی دوو پاسەوانی سەر سنووریان کوشتووە.

جێی ئاماژەیە پێکدادان لەسەر سنووری نێوان ئەفغانستان و تاجیکستان شتێکی دەگمەنە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شەڕانەی کە ڕوودەدەن لە دەوروبەری سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لەگەڵ پاکستاندا.

وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی تەخار وتی ڕوون نیە ئەو فڕۆکەیەی کە بۆردومانی ناوچەی دورکادی هەرێمی تەخاری کردووە ڕوسیی بووبێت یاخوود تاجیکی. وتیشی هەشت چەکداری تاڵیبان کوژراون و شەشی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی تەخار جاوید حەجەری وتی ڕوون نیە ئەو فڕۆکەیەی هێرشەکەی ئەنجامداوە لەکوێوە هاتووە و وتیشی ئەو شەش کەسەی کە لە پێکدادانەکاندا لەگەڵ پاسەوانی سنووری تاجیکستاندا کوژراون بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید ڕوودانی پێکدادانەکەی پشت ڕاستکردەوە و وتی لەنێوان بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و پاسەوانانی سەر سنووری تاجیکستاندا بووە و فڕۆکەکە ناوچەیەکی دارستانی بۆردومان کردووە کە ئەو بازرگانانە بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەکاریان هێناوە.

وتیشی " لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکەین چونکە چەکدارانی تاڵیبان ڕێگەیان پێنادەن شەڕ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG