وەزارەتی ناوخۆی تاجیکستان دەڵێت لە هێرشێکدا لە باشوری دوشەنبەی پایتەخت 4 پاسکیلسوار کوژران و 3 ی دیکە برینداربوون.
ڕەمەزان ڕەحیمزادە وەزیری ناوخۆی تاجیکستان ئەمڕۆ دووشەممە زانیاری لە بارەی هێرشەکە ڕاگەیاند کە دوێنێ یەکشەممە لە ناوچەی دانغارە کرایە سەر کۆمەڵێک پاسکیلسواری بیانی.
گوتی هێرشبەرەکان پاش ئەوەی بە ئۆتۆمبیلەکەیان لێیاندابوون، دابەزیون و بە چەقۆ و دەمانچە هێرشیان کردووەتە سەریان و لە ئاکامدا 3 لە پاسکیلسوارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە کوژراون و ئەوی دیکەیان بەهۆی سەختی برینەکانی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
گوتیشی پاسکیلسوارەکان ئەمەریکایی و هۆڵەندی و سویسری و فەڕەنسین. چوار کوژراوەکەش 2 ئەمەریکایی و هۆڵەندیـیەک و سویسریـیەک بوون.
باسی لەوەش کرد هێزەکانی پـۆلیس شەوی یەکشەممە هەڵمەتێکیان ئەنجام دا بە ئامانجی دەسـتگیرکردنی هێرشبەرەکان. یەکێکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پـۆلیس کوژراوە و یەکێکی دیکەیان دەسـتگیرکراوە، بەڵام هێشتا 3 گومانباری دیکە ماون دەسـتگیربکرێن.
ڕەحیمزادە گوتیشی بە دوری نازانن هێرشەکە تێرۆرستی بووبێت.
لە لایەکی دیکە ئیمام عەلی ڕەحمان سەرۆکی تاجیکستان نامەیەکی پـرسە و سەرەخۆشی بۆ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕەوانەکرد و تیایدا بەڵێنی دا ئەنجامدەرانی هێرشەکە ڕادەستی دادگا بکرێن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاجیکستان لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی سوپاس هاوسۆزی سەرۆک و خەڵکی تاجیکستان دەکەن بۆ ئەو هاوسۆزیـیەی دەریانبڕیوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خەڵکی بەڕێزی تاجیکستان ناکەن.