Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر پاسکیل سوارە بیانیـیەکانی تاجیکستان ڕادەگەیەنێت


داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە لە نزیک دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان کرایە سەر کۆمەڵێک پاسکیل سواری بیانی و لە ئاکامدا 4 چوار پاسکیل سوار کوژران و 3 ی دیکە برینداربوون.

میدیاکەی داعش بە ناوی ئەعماق لە ڕاگەیاندنێکیدا لەسەر ئنتەرنێت نووسیویەتی کۆمەڵێک چەکداری هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیانی هاوپەیمانان لە ناوچەی دانغارە لە تاجیکستان. دەڵێت بە ئۆتۆمبیل کردوویانن بە ژێرەوە و پاشان بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەریان و لە ئاکامدا 4 کەسیان کوژراون و 4 ی دیکەیان برینداربوون.

هەروەها وێنەی پـێنج کەسی بڵاوکردووەتەوە کە بە کۆمەڵ لە ژێر دارێک دانیشتوون و ئاڵای داعشیان لە پشت خۆیانەوە بەرزکردووەتەوە. دەڵێت ئەمانە ئەنجامدەری هێرشەکەن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەستانی تاجیکستان هیچیان لە بارەی ئەم ئیدیعایەی داعش ڕانەگەیاندووە.

دوێنێ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی تاجیکستان زانیاری لە بارەی هێرشەکەوە ڕاگەیاند و گوتی پاسکیل سوارە کوژراوەکان دوو ئەمەریکایی و هۆڵەندیـیەک و سویسریەک بوون.

هێزەکانی پـۆلیس شەوی یەکشەممە هەڵمەتێکیان ئەنجام دا بە ئامانجی دەسـتگیرکردنی هێرشبەرەکان. دەڵێن یەکێکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پـۆلیس کوژراوە و یەکێکی دیکەیان دەسـتگیرکراوە، بەڵام هێشتا 3 گومانباری دیکەیان ماون دەسـتگیربکرێن.

ئیمام عەلی ڕەحمان سەرۆکی تاجیکستان لە نامەیەکی پـرسە و سەرەخۆشی بۆ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی دا ئەنجامدەرانی هێرشەکە ڕادەستی دادگا بکرێن.

XS
SM
MD
LG