Accessibility links

تایوان: سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ئەمەریکا بە نیازە هاریکاری لەگەڵ سوپای تایواندا بکات


سەرۆکی تایوان تسای ئین وێن دەڵێت ئەمەریکا بەنیازە " هاریکارییەک " بکات لەنێوان سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ئەمەریکا و سوپای تایواندا، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان تایوان و ئەمەریکا لەڕووی ئاسایشەوە قوڵتر دەکاتەوە، لەکاتێکدا کە تایوان دەڵێت ڕووبەڕووی زیادبوونی هەڕەشەکانی چین بووەتەوە.

ئەمەریکا پشتیوانیکەری سەرەکی تایوانە لەڕووی پێدانی چەکەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چین چالاکییە سەربازییەکانی لەنزیک تایوان زیاتر کردووە و هەفتەی ڕابردوو سوپاکەی وتی مەشقێکی سەربازییان لە دەوروبەری تایوان ئەنجامداوە و مەبەست لێی " هۆشداریدان " بووە دژی هاریکارییەکانی نێوان تایوان و ئەمەریکا.

لە میانەی سەردانەکەی سیناتۆری ئەمەریکی تامی دەکوۆرثدا بۆ تایپێی پایتەختی تایوان، سەرۆکی تایوان ئاماژەی بەوەدا دەکوۆرث یەکێکە لە هەرە سپۆنسەرە سەرەکییەکانی بەندی هاوبەشی تایوان.

گوتیشی " لە ئەنجامدا، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئێستا چالاکانە پلان دادەنێت بۆ هاریکاریی لەنێوان سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ئەمەریکا و هێزە بەرگرییەکانی تایواندا." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

ئاماژەی بەوەشدا " بە پەرۆشەوەین بۆ هاریکارییەکی نزیکتر و قوڵتر لەنێوان ئەمەریکا و تایواندا سەبارەت بە بابەتە ئەمنییەکانی ناوچەکە."

ڕاگەیاندنەکانی تایوان لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا بوو ڕەنگە تایوان لەگەڵ سوپای پاسەوانی نیشتیمانی هاواییدا یەک بگرێت بۆ پڕۆگرامەکە.

تسای سەرپەرشتی نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی تایوان دەکات، لەوانەش چاکسازی کردن لە هێزە یەدەگەکانیدا تاوەکو بەشێوەیەکیان لێبێت کە بتوانن شەڕ بکەن.

دواتر دەکوۆرث لەگەڵ سەرۆک وەزیری تایوان سو تسێنگ چانگدا قسەی کرد و وتی بەڕێوبەری پڕۆگرامی هاوبەشیی سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ئەمەریکای لەگەڵ خۆیدا هێناوە " کە لەم بارەیەوە لەگەڵ ئێوەدا کاردەکات."

بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا. پڕۆگرامی هاوبەشیی دەوڵەتی ئەمەریکا یەکەکانی سوپای پاسەوانی نیشتیمانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا یەکدەخات تاوەکو یارمەتییان بدەن لە مەشقەکان و کارەکاندا.

وەزارەتی دەرەوەی چین دژایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەردانەکەی دەکوۆرث، چین دژایەتی سەرجەم سەردانە ئاست بەرزەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا دەکات بۆ تایوان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژیان گوتی " چین بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ پاسەوانیکردن لە سەروەری خاکی وڵاتەکەمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG