Accessibility links

سی ئێن ئێن: سەرۆکی تایوان دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا مەشق بە سەربازانی تایوان دەکەن


سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن
سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، سەرۆکی تایوان وتی ژمارەیەکی کەم لەو سەربازانەی ئەمەریکا کە لە تایوانن مەشقی سەربازی بە سەربازە تایوانیەکان دەکەن، بەمەش هەواڵەکانی لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە دورگەکەدا پشتڕاست کردەوە.

لەم هەفتانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان چین و تایوان زیادیکردووە، هاوکات چین فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە.

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن وتی " هاریکارییەکی زۆرمان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە و ئامانج لێیان زیادکردنی توانای بەرگرییمانە."

سەبارەت بەوەش کە ئایا چەند سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی تایوان کراون، تسای ئینگ وێن وتی " ئەوەندە نین کە خەڵک بیری لێدەکاتەوە."

ئەم پشتڕاستکردنەوەیە لەکاتێکدایە چین بەردەوامە لە زیادکردنی فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تایوان، لەوانەش بەردەوامبوونی فڕینی فڕۆکە جەنگیەکانی چین بەسەر ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا.

لەلایەکی دیکەوە کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی تسای پرسیاری لێکرا، وەزیری بەرگری تایوان چیو کو چێنگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان تایوان و ئەمەریکا " زۆر و بەردەوام بوون و ماوەیەکی زۆرە هەیە." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

ئەمەریکا وەکو زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان، پەیوەندی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە، بەڵام گرنگترین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تایوانە و سەرچاوەی سەرەکی تایوانە بۆ کڕینی چەک.

تسای دەڵێت تایوان وڵاتێکی سەربەخۆیە و چەند جارێکیش بەڵێنی ئەوەیداوە بەرگری لە دیموکراسی و ئازادییەکەی دەکات.

لە ماوەی ڕابردوو لەم مانگەدا کاتێک سەبارەت بە هەواڵی بوونی هێزی سەربازی ئەمەریکا لە تایوان پرسیاری لێکرا، وەزارەتی دەرەوەی چین وتی دەبێت ئەمەریکا پەیوەندییە سەربازییەکان و فرۆشتنی چەک بە تایوان ڕابگرێت تاوەکو خۆی بەدووربگرێت لە زیان گەیاندن بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان پەکین و واشنتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG