سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن بە سیناتۆرە فەڕەنسیەکان و سەرۆک وەزیری پێشووی ئوستڕاڵیای وت تایوان جەخت لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکاتەوە و هەوڵ دەدات لەگەڵ وڵاتانی دیموکراتدا کاربکات، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ چیندا.
سەردانەکەی چوار سیناتۆرە فەڕەنسییەکە و سەرۆک وەزیری پێشووی ئوستڕاڵیا تۆنی ئابۆت دوای ئەوە دێت چین ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی تایواندا برد، ئەم هەنگاوەی چینیش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی نیگەران کرد.
لەنێوەندی فشارە سیاسی و سەربازییەکانی چیندا کە تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، تایوانی دیموکرات هەوڵیداوە پشتیوانی وڵاتانی دیکەی دیموکراتخواز بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە میانەی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سیناتۆرە فەڕەنسیەکاندا کە وەزیری بەرگری پێشووتری فەڕەنسا ئالەین ڕیچارد ڕابەرایەتیان دەکات، سەرۆکی تایوان سوپاسی فەڕەنسای کرد لەسەر نیگەرانیەکانی سەبارەت بە ڕەوشی تەنگەی تایوان و پشتیوانیەکانی.
وتی " وەکو ئەندامێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیەکانمانەوە تاوەکو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی دەریای هیندی و هێمن بپارێزین. هەروەها هیوادارین شان بە شانی فەڕەنسا بەشداری زیاترمان هەبێت لە جیهاندا."
سەرۆکی تایوان دواتر پەیامێکی هاوشێوەشی بە ئابۆت گەیاند، سەرۆک وەزیری پێشووی ئوستڕاڵیا تۆنی ئابۆت بە تسای وت ئەو لە تایوانە تاوەکو یارمەتیان بدات و کۆتایی بە پەراوێزخستنی تایوان بهێنێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەروەها دیموکراسیەت و چۆنێتی مامەڵەکردنی تایوانی لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەرزنرخاند.
ئابۆت وتی " بێگومان هەمووان دڵخۆش نین بە پێشکەوتنەکانی تایوان، هەروەها تێبینی ئەوەش دەکەم تایوان هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی دراوسێ زەبەلاحەکەی دەبێتەوە."
سەرەڕای ناڕەزاییەکانی چین کە هەمیشە بە سەردانی بەرپرسە بیانیەکان بۆ تایوان توڕە بووە، سیناتۆرە فەڕەنسیەکان ڕۆژی چوارشەممە گەیشتنە تایوان.
جێی ئاماژەیە نە فەڕەنسا و نە ئوستڕاڵیا وەکو زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان پەیوەندی فەڕمی دیبلۆماتیان لەگەڵ تایواندا نیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز