بومەلەرزەیەکی بەهێز لە نزیک شاری هوالیەنی ڕۆژهەڵاتی تایوانی داوە و بەپـێی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بەهۆیەوە بە لایەنی کەم 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسی دیکە برینداربوون.
دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە ئەمشەوی سێشەممە لە کاژمێر 11:50 ی شەو بە کاتی خۆجێی بومەلەرزەیەک بە هێزی 6.4 پـلە بە پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 10.6 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی داوە کە 22 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری هوالیەنەوە دورە.
کاربەدەستان دەڵێن بەهۆی بومەلەرزەکە هوتێل مارشالی هوالیەن هەرەسی هێناوە و چەند بینایەکی دیکە زیانیان پـێگەیشتووە.
کاربەدەستێکی فریاکەوتن گوتی 28 کەس ڕزگارکران کە لە ژێر داروپەردوی هوتێلەکە و بینایەکی نیشتەجێ گیریانخواردبوو.
جێی ئاماژەیە مانگی نۆی ساڵی 1999 بومەلەرزەیەک بە هێزی 7.6 پلە لە تایوانی دا و لە ئاکامدا نزیکەی 2400 کەس گیانیان لەدەست دا.