Accessibility links

تایوان لەنزیکەوە چاودێری کارەکانی ئەمەریکا دەکات بەرامبەر ڕووسیا و ئۆکرانیا


زۆرێک لە تایوانیەکان بە وریاییەوە چاودێری وەڵامدانەوەی ئەمەریکا دەکەن بۆ قەیرانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بارودۆخێکی هاوشێوە دەبینن لەکاتێکدا چین بەردەوام فشار دەکاتە سەر تایوان و ڕۆژانە بەرگری ئاسمانی تایوان تاقیدەکاتەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا تایوان هەڵوێستی چی دەبێت ئەگەر حکومەتی ئەمەریکا هیچ نەکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەدژی هێرشی ڕووسیا، چالاکەوانی تایوان کێن وو وتی باوەڕی وایە تایوانیەکان " بەدڵنیاییەوە بێزار دەبن و نائومێدیش دەبن، هەروەها هەست دەکەن کە ئەگەر چین تایوان داگیربکات ئەوا ئەمەریکا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ تایواندا دەکات."

وو جێگری سەرۆکی دامەزراوەی فۆرمۆسانە بۆ کاروباری گشتی لە لۆس ئانجلس، ئەرکی دامەزراوەکە لۆبی کردنە لە کۆنگرێس تاوەکو کۆنگرێس لە بەرژەوەندی تایوان بجوڵێت.

ڕووسیا سەدان تانک و هاوتزەرس و تۆپهاوێژ و دەیان هەزاران سەربازیی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە. لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای گرتەخۆی کە پێشتر بەشێک بوو لە ئۆکرانیا.

لە 23 ی مانگی یەکدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سی وت " ئەمەریکا سزایەکی توند ئامادە دەکات بۆ ڕووسیا ئەگەر دووبارە ئۆکرانیا داگیربکاتەوە."

چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە تاوەکو ناچاری بکات دەسەڵاتی چین بەسەریدا پەسەند بکات. تایوانی دیموکراتخوازیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات و گەلی تایوان خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات.

چین ئەوەی ڕەت نەکردۆتەوە ئەگەر بە هێزیش بێت تایوان دەخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لەکاتێکدا ئەمەریکا پەیوەندیی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە، بەڵام چەک و فڕۆکەی جەنگی بە تایوان دەفرۆشێت و کەشتیە جەنگیەکانیشی لە ناوچەکەدا هێشتۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵی شینخوای چینی لە ڕاپۆرتێکدا وتی هەوڵەکانی تایوان بۆ سەربەخۆیی شکست دەهێنن. دەزگاکە لە زاری وتەبێژی ئۆفیسی چین بۆ کاروباری تایوان ژو فێنگلیانەوە بڵاویکردەوە " سەرکردایەتی تایوان خەیاڵێکیان دروست کردووە و پشتیان بە ئەمەریکا بەستووە لە بارودۆخەکەی تەنگەی تایواندا." چین داوای لە ئەمەریکا کردووە هانی تایوان نەدات بۆ هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی.

وەزارەتی درەوەی تایوان لە 27 ی مانگی یەکدا لە بەیاننامەیەکدا وتی " تایوان ڕووبەڕووی هەڕەشەی سەربازیی دوورودرێژی چین بۆتەوە و بەتەواوەتی تێدەگات لەوەی زیادبوونی گرژییەکان دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ. حکومەتەکەمان داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات ڕێز لە سەربەخۆیی و سەروەری ئۆکرانیا بگرن و دژایەتی هەوڵی تاکلایەنانە بدەن بۆ گۆڕینی پێگەی ئۆکرانیا."

ڕۆژێک دوای بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تایوان، سەرۆکی تایوان تسای ئین وێن بە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دورگەکەی وت لیژنەیەکی کار پێکبهێنن بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی ئۆکرانیا.

وانگ وی چیهی خوێندکاری زانکۆ وتی " ئەگەر ئەمەریکا ئەمجارە بەرگری لە ئۆکرانیا نەکات لە دژی هێرشی ڕووسیا، پێم وایە تایوانییەکان بە منیشەوە دەبێت دووبارە سووربوونی ئەمەریکا هەڵبسەنگێنینەوە لە یارمەتیدانی تایوان لەڕووی سەربازییەوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر چین تایوان داگیربکات."

وتیشی " لەو سیناریۆیەدا، تایوانییەکان دەبێت بزانن بەڕێوبەرایەتی و کۆمەڵگەی ئەمەریکا ئامادە نین هێزەکانیان بکەنە قوربانی لەپێناو وڵاتانی بیانیدا."

توێژەرێکی سیاسیی دەڵێت سیاسەتدانەرانی ئەمەریکا تایوانیان بەلاوە گرنگترە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا وەک لە ئۆکرانیا یاخود ئەفغانستان.

شەین لین پڕۆفیسۆری خانەنشینکراوی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی چانگ جونگ کریستیان لە تایوان وتی " ئەگەر تایوان بکەوێت، سەرجەم ئاسیا دەکەوێت، کۆریا و ژاپۆن و هەموو وڵاتانی دیکەی ئاسیا."

توێژەرێکی دامەزراوەی ململانێ و هاریکارییە جیهانیەکان جەیمس لی وتی ئەمەریکا تایوان وەکو سەرەکیترین هاوپەیمانی دەزانێت لە ناوچەی زەریای هێمندا کە دەتوانێت یارمەتی بدات لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی چین.

وتی " ئەگەر تایوان داگیربکرێت و دیموکراسیەکەی نەمێنێت، ئەوە کارەسات دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی بەها دیموکراسیەکان بە سەرانسەری جیهاندا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG