تایوان فڕۆکەی شەڕکەری ڕەوانەکرد و هێزی دەریایی دوورگەکەی خستە ئامادەباشییەوە و سیستمە موشەکییەکانی چالاک کرد، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی 34 فڕۆکەی سەربازی و نۆ کەشتی جەنگی چین کە بەشێکن لە ستراتیژی چین بۆ فشارکردن و ترساندنی تایوانی دیموکراتخواز.
چالاکییە گەورە سەربازییەکەی چین لە کاتێکدایە کە پەکین ئامادەکارییەکانی زیاد کردووە بۆ ئەگەری گەمارۆدان یاخود هێرشکردنە سەر تایوان، کە ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لە نێو ڕابەرە سەربازییەکانی ئەمەریکا و تایواندا دروست کردووە.
مانگی ڕابردوو جەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا مایک مینیهان لە یاداشتێکدا بە ئەفسەرەکانی وتووە ئامادە بن بۆ ململانێیەکی نێوان ئەمەریکا و چین لە ساڵی 2025 دا.
وەزارەتی بەرگری تایوان وتی ڕۆژی سێشەممە 20 فڕۆکەی چینی هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە کە ماوەیەکی زۆرە هێڵێکی نافەڕمییە و چین و تایوان لە یەک جیا دەکاتەوە.
چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و ئەوەشی بە دوور نەزانیوە هێز بەکاربهێنێت بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا. بەڵام زۆرینەی تایوانییەکان دژایەتی دەسەڵاتی چین دەکەن بەسەر تایواندا و نایانەوێت دوورگەکە بچێتە ژێر دەسەڵاتی پارتی کۆمیونیستی چینەوە.
ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری تایوان وتی هێزە چەکدارەکانی تایوان " چاودێری دۆخەکەیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو چالاکییانە."
چین ڕۆژانە کەشتی جەنگی و فڕۆکەی بۆمبڕێژ و فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی پشتیوانی ڕەوانەی ئاسمانی نزیک تایوان کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی فشارە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانیدا بۆ سەر تایوان و هیلاککردنی بەرگرییەکانی.
سەرچاوە/ AP