Accessibility links

حسێن ڕابی: ئه‌مریكا له‌م شه‌ڕه‌دا پشتیوانی کورد ناکات بەڵام ڕێگەش نادات بفەوتێن


مامۆستا حوسێن ڕابی
مامۆستا حوسێن ڕابی

حسێن ڕابی چاودێری سیاسی هاوكات مامامۆستا له‌زانكۆی سلێمانی له‌م وتووێژه‌دا باس له‌ دواین وته‌كانی وه‌زیری به‌گری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكوری سوریا ده‌كات، هه‌روه‌ها باس له‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌و شه‌ڕه‌دا ده‌كات.

حسێن ڕابی ده‌ڵێت" بە ڕای من سیاسەتی ئەمریکا زۆر ناڕوون نییە. چونکە شەڕەكه‌ لە نيوان دوو هاوپەیمانی ئەمریکادایه‌،هاوپەیمانێکی سەرەکی کەوا ‌حەفتا ساڵە هاوپەیمانیەتی و هاوپەیمانێکی نوێ، لانیکەم بڵێین لە هەشتاکانەوە کورد دەچێتە ناو ئەو پڕۆسە سیاسییەوە ئەمریکا بە شێوازيک ڕابەرایەتی دەکات. کورد لانیکەم بە هاوکار دادەنرێت، پێکەوە خوێنیان ڕشتووە، ئەمە وتەی سیاستەمەدارەکانی ئەمریکایە، تاڕادەیەکیش هاوپەیمان بوون و هێشتا ئەم هاوپەیمانییە بەردەوامە، ڕاستە بە شێوەی کاتییە، ئەگەر باسی کوردەکانی ڕۆژئاوا بکەین بە تە‌حدیدی و هاوپەیمانییەکەیان بۆ دژایەتی تیرۆر بوو. ساڵی ڕابردوو بوو، لە شوێنيک وەزیری ئەو کاتی ئەمریکا وتبووی هاوکارییەکانمان لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت،دوای داعشیش لە دژی ئێرانیش لە سووریە بەکاریان دێنین. ئەمە وتەی تیلرسۆن بوو. ئەم هاوکاری و هاوپەیمانییە درێژ مەودایە، کاتی نییە."

به‌بڕوای ئه‌و چاودێره‌ سیاسیه‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له‌ خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا دا له‌م جه‌نگه‌دا هه‌یه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" هەڵە تێگەیشتنەکە لێرەدایە، ئێمە روداوەکان بە عاتفی لێکدەدەینەوە و ئەمریکا بە شێوەی بەرژەوەندی. بەرژەوەندی کورد لەگەڵ ئەمریکا و بەرژەوەندی تورک لەگەڵ ئەمریکا دوو شتی زۆر جیاوازن. ئێمە کاتيک باسی حکومەتی تورک دەکەین، وڵاتێکە دەیان ساڵە ئەندامی ناتۆیە، سوپاکەی لەباتی ئەمریکا لە وڵاتانی دیکە شەڕ دەکات بۆ نموونە لە ئەفغانستان، پەیوەندی ئابووریی بەربڵاوی لەگەڵی هەیە و لە هەمانکاتیشدا دەبێ بزانین سیستمێکی ئایدیۆلۆژیکی لە تورکییە هەیە و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لەم سیستمە ئایدیۆلۆجیکیە ڕازی نین. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ‌حەزیان لێ نییە تورکیا تێک بچێت چونکە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە. لە هەمان کاتدا پەیوەندییان لەگەڵ کورد گەیشتووەتە ئاستێک، پێکەوە هاوسەنگەرن پێکەوە شەڕ دەکەن، نابێ ئەمە وا لێک بدەینەوە چونکە پشتگیری تورکیا دەکات ئەوە دژایەتی کورد دەکات. پشتیوانی کورد ناکات، بەڵام ڕێگەش نادات بفەوتێن، ئەمە ‌حەقێقەتێکە ئەگەر ئەمریکا لێبگەڕێ کوردستانی سووریە دەفەوتێت. سەرۆک ترامپ سێ بژاردەی خستە بەردەست بۆ پەیوەندی نێوان تورک و کورد و ئەمریکا. یان دەبێ هێرشی سەربازی بکەین و لەو شەڕە سەرکەوین و تورک دەربکەین،یان دەبێ گەمارۆی ئابووری توند بخەینە سەر تورکییە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی کاول بکەین. یان هەوڵ بدەین ئەم کێشە دوو سەد ساڵەی کورد و تورک بە ووتووێژ چارەسەری بکەین. "

ڕابی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات " ئەو هەڕەشانەی ئەمریکا لەسەر تورکییە هەیەتی دەگەڕێتەوە بۆ ترس لەوەی، شەڕ لە شوێنەکانی وەکوو سەرێکانی و گرێ سپی بگوازێتەوە واتە پەرەی پێ بدا و بە شێوەیەک بیەوێ پەیوەندی نێوان کوردستانی ڕۆژئاوا و باشوور ببچڕێنێ. ئەوەی ئۆردۆغان لە یوئين ڕایگەیاند نەخشیەکە پیشانیدا تا ڕادەیەک هەمووی کوردستانی سووریەی دەفەوتاند. ئەمریکا دەتوانێ ئابوری تورکیا له‌ناو ببات، چونکە پەیوەندی ئابوورییان یەکجار بەرفراوانە. من هەست ناکەم ئەمریکا واز لە تورکیا بێنێ، بەم شێوازە لەم سیاستە بەردەوام دەبێت و ئەمریکا ئەو سیاستە بەکار دێنێ لە نێوان یۆنان و تورکیا بەکاری دەهێنا، کێشەیەکی قووڵ و مێژوویی لە نێوان تورکیا و یۆنان هەیە و ئەمریکا ئامادە نەبوو واز لە لەلایەک بێنێ بۆ ئەویتریان."

حسێن ڕابی قسه‌ی به‌شێك له‌كورده‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌م جه‌نگه‌دا ده‌چوێنن به‌ ڕوسیا و به‌ "خیانه‌تكار" ناوی ده‌به‌ن، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" عەفرین بە ڕوونی دیارە فرۆشرا، ئەمەی کە ئێستا هەیە هێرشە بۆ سەر کوردستان، ئەمە بە خیانەتی ئەمریکا نازانم، دەیگەڕێنمەوە بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە ناوچەکەدا هەیە. ئەو ڕەخنانەی لە پەیوەندی کورد و زلهێزەکان دەگیردرێت تاڕادەیەک ڕاستە، بەڵام بەشێکیشی سادەبینییە، کاتێ تۆ دەچیتە بازاڕ شتێک بکڕێ بە قەدەر ئەو پارەی لە گیرفانتدایە دەتوانی شت بکڕی. زیاتر ناتوانی ئەمە حەقێقەتە. بە ڕادەی توانایی خۆت دەتوانی لەسەر سیاسەتی نێو دەوڵەتی کاریگەری دابنێیت. کورد سودی زۆری لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بینیوە و ئەو سوودە بەردەوامە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:34 0:00


XS
SM
MD
LG