Accessibility links

کوردانی سوریا داوای پشتیوانی لە ڕوسیا و ئەسەد دەکەن


سەرکردەکانی کورد لە سوریا داوایان لە ڕوسیا و دیمەشق کرد هێز بنێرن بۆ پاراستنی سنوورەکە لە مەترسی ڕوودانی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا بڕیاریدا لە سوریا بکشێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە و سەرۆک ترامپ دەڵێت کشانەوەکە بەهێواشی دەبێت، بەڵام بەرپرسانی کوردی سوریا پەلە دەکەن بۆ گەڕان بەدوای ستراتیژییەکی نوێدا بۆ پاراستنی ناوچەکەیان پێش ڕۆشتنی هێزەکانی ئەمەریکا.

هەروەها هەوڵدەدەن وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕازیبکەن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا دروست دەبێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، چونکە بوونی 2000 سەربازی ئەمەریکا تا ئێستا لەو ناوچەیەدا دیوارێکە لەبەردەم تورکیادا.

سیاسییەکی باڵای کورد ئاڵدار خەلیل بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسانی باکووری سوریا هەفتەی ڕابردوو ڕۆشتوون بۆ مۆسکۆ و بەمزووانە جارێکی دیکە سەردانی ڕوسیا دەکەنەوە بەهیوای ئەوەی ڕوسیا فشار بخاتە سەر سوریا تاوەکو ئەرکەکانی خۆی وەکو دەوڵەت جێبەجێ بکات.

بەرپرسێکی دیکەی کورد بەدران چیا کە هەفتەی ڕابردوو چوو بۆ مۆسکۆ وتی " گفتوگۆ لەسەر بژاردەی جیاواز دەکەین بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا."

وتیشی " ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێکن لە سوریا و پاراستنی سنووری ئەم ناوچانە بەرپرسیارێتی دەوڵەتی سوریان و گفتوگۆ لەسەر ئەم بژاردەیەش دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG