Accessibility links

کوردانی سوریا دەڵێن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دەستپێکردۆتەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و یارمەتیدەر بوون لە شکست هێنان بە ڕێکخراوی داعش لە سوریادا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرییان دەستپێکردۆتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانیان ڕاگیرابوون.

لەم هەفتانەی دواییدا تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باکووری سوریا زیاتر کردووە و دەڵێت ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی دژ بە هێزە کوردییەکانی سوریا.

ڕۆژی هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانان ڕاگرتووە، هاوپەیمانانیش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند جارێک ئاماژەیان بەوەداوە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی نوێی تورکیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش کە هێشتا لە سوریادا هێرش دەکەن و هەڵدێن، هەروەها دەشبێتە هۆی لاوازکردنی پاراستنی ئەو بەندینخانانەی کە چەکدارانی داعشییان تیادا بەندکراوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات پاسەوانی دەکەن.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سیامەند عەلی، بە ڕۆیتەرزی وت لە کۆتایی هەفتەدا ئێشکگرییە هاوبەشەکان و مەشقە سەربازییەکان لەگەڵ هاوپەیماناندا دەستیان پێکردۆتەوە، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا، ڕۆژی شەممە و یەکشەممە چوار ئەرکی ئێشکگریی هاوبەش ئەنجامدراون.

گوتیشی مەشقە هاوبەشەکانیش دەستییان پێکردۆتەوە.

سیامەند عەلی وتی " لەم ساتەدا کەشەکە نیمچە گونجاوە و ڕێگەمان دەدات ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین، بەڵام نازانین تاوەکو کەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەکرێت ئەنجام بدرێن." ئەوەش بەهۆی ئەگەری هێرشی زەمینی تورکیاوە.

ئەمەریکا وتوویەتی کە لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە سوریا تێدەگات، بەڵام دژی هێرشی زەمینییە و وتوویەتی هێرشەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ مەترسییان بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا دروست کردووە.

هاوپەیمانێتی دژ بە ڕێکخراوی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 ەوە لە ڕێی هێرشە ئاسمانییەکان و کەلوپەلی سەربازیی و پێدانی مەشقەوە پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، سەرەتا یارمەتی داون لە گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە داعش گرتبوونی و دواتریش پشتیوانیان بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە شانە نووستووەکانی داعشدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG